رووداو دیجیتاڵ
شێری گراهام تاڵەبانی، سەرۆکی دامەزراوەی سید فاوندەیشن (SEED) رایدەگەیێنێت، گێچەڵی ئەلیکترۆنی دژی ژنان و کچان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەرزە و دەڵێت، "هیچ یاسایەکمان نییە رێگری لە گێچەڵی ئەلیکترۆنی بکات یان وەڵامی بداتەوە."
رۆژی دووشەممە 8ـی کانوونی یەکەمی 2025، شێری تاڵەبانی لە بووڵتەنی کاژێر 17:00 کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، باسی لە گێچەڵی ئەلیکترۆنی، نەبوونی یاسایەکی تایبەت و چارەسەرەکان کرد.
شێری گراهام تاڵەبانی، ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای نەبوونی ئاماری فەرمی، بەڵام رێژەی تووندوتیژی دژی ژنان بەرزە و زۆربەی کەیسەکانیش راناگەیێندرێن. گوتیشی، "پێمانوایە رێژەی گێچەڵی ئەلیکترۆنی دژی ژنان و کچان لە عێراق بەرزە. 86%ی ژنان و کچان لەسەر ئینتەرنێتن، بەڵام هۆشیاریی دیجیتاڵیمان کەمە."
سەرۆکی سید فاوندەیشن باسی لەوە کرد، لەسەر ئاستی جیهان، نزیکەی یەک لەسەر سێی ژنان رووبەڕووی گێچەڵی ئەلیکترۆنی دەبنەوە و گوتی، "داتای باشمان نییە بۆ کوردستان، بەڵام زۆر کەیسی ژنان و کچانمان بۆ دێت کە داوای یارمەتی دەکەن بۆ سڕینەوەی ئەو ناوەڕۆکە زیانبەخشانەی لە دژیان بڵاوکراوەتەوە."
بە گوتەی شێری تاڵەبانی، گەنجان، کچ و کوڕ، رووبەڕووی مەترسیی زۆر دەبنەوە، چونکە "راوچییەکان" لەسەر ئینتەرنێت پرۆفیشناڵن و بەدوای منداڵاندا دەگەڕێن چونکە "ئامانجی ئاسانن." هەروەها دەڵێت، کوڕانیش لاوازن و رەنگە ببنە ئامانجی گرووپە تووندئاژۆکان، "داعش یارییە ئەلیکترۆنییەکان بەکاردەهێنێت بۆ دامەزراندنی گەنجان لە سەرانسەری عێراق."
بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، شێری تاڵەبانی پێشنیازی سێ رێگە دەکات کە بریتین لە هەبوونی یاسایەک، وەڵامدانەوەی فەرمیی حکومەت و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری دیجیتاڵی.
شێری دەڵێت، دامەزراوەی سید فاوندەیشن بۆ ئەم مەبەستە راهێنانێکی سێ هەفتەیی بە 45 کارمەندی جێبەجێکاری یاسا لە دەزگا جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان کردووە، کە چۆنیەتیی لێکۆڵینەوە لە تاوانە ئۆنلاینەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ قوربانییان لەخۆگرتووە.
سەرۆکی رێکخراوی سید باسی لە ئەزموونی خۆی کرد و گوتی، هەندێکجار "کۆمپانیا و دەزگا میدیاییەکان" ناو و وێنەی منداڵەکانیان بڵاوکردەوە و دەڵێت، "پێموایە ئەمە بابەتێکی سیاسییە"، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، "من کەسایەتییەکی گشتیم، بۆیە پێموایە ئاساییە بکرێمە ئامانج، بەڵام نابێت منداڵەکانمان لە میدیاکاندا تیشکیان بخرێتە سەر. پێموایە ئەوە زۆر نادادپەروەرانەیە. پێموایە کارێکی زۆر ئاست نزمە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ