کەناراوەکانی دەریاچەی ورمێ بۆ رێگری لە خوێ بارین دادەپۆشرێن

10-01-2024
رووداو @Rudawkurdish
داپۆشینی کەناراوەکانی دەریاچەی ورمێ
داپۆشینی کەناراوەکانی دەریاچەی ورمێ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پرۆژەی داپۆشینی رۆخی دەریاچەی ورمێ لە کەنارەکانی سەر بە شاری عەجەبشێری سەر بە پارێزگای تەورێزەوە دەستیپێکردووە. زۆر کەس وەکو کفنکردنی دەریاچەی ورمێ لێی دەڕوانن، واتە پرۆژەی داپۆشینی کەناراوەکانی دەریاچەکە بە ماددەیەک کە ئێستا بەهۆی وشکبوونیەوە، مەترسییەکی ژینگەیی بۆ ناوچەکە و ملیۆنان کەس دروستکردووە.
 
جەعفەر قادری، قایمقامی عەجەبشێر دەڵێت، "ئەو شوێنانەی کە گیایان نییە، بە توێژێک دادەپۆشرێن، ئەمەش بۆ رێگری لە گەردەلوولە خوێیەکانە، هەروەها گژوگیای ناوچەکە بپارێزرێت."
 
لەم چەند ساڵەدا ئەم گەردەلوولە خوێیانە، کە لە ناوچەکانی دەوروبەری دەریاچەی ورمێدا دەبنە خوێ بارین، زۆرجار روویانداوە، تەنانەت کۆتاییەکانی ئەم پاییزەش، کە وەرزی بارین بوو و دەبوو رۆخی دەریاچەکە تەڕ ببێت.
 
پرۆژەی داپۆشینی رۆخی دەریاچەی ورمێ بۆ رێگری لەو خوێبارینانەیە، ماددە بەکارهاتووەکەش لەنێودەچێت و زیان بە ئیکۆسیستم ناگەیێنێت.
 
قایمقامی عەجەبشێر ئاماژە بەوە دەکات، "ئەم پرۆژەیە بۆ رێگری لەو مەترسییانەیە کە هەڕەشە لە ناوچەکە دەکەن، بۆ نموونە جووڵەی گەردیلەکان بەهۆی وشکبوونی دەریاچەکە. ئەم پرۆژەیە وەکو تاقیکارییە و بەشێکی بە ماددەی دیکە دادەپۆشرێت."
 
مەیسەم سەعیدی، گوتەبێژی رێکخراوی پاراستنی ژینگە دەڵێت، "تەنیا 60 مەتری رووبەری دەریاچەکە دادەپۆشرێت، ئەویش بۆ توێژینەوەیە." ئەو باسکردن لە داپۆشینی رۆخی دەریاچەی ورمێی وەکو "شەڕی دەروونی" لە قەڵەم داوە.
 
بەڵام ئەمە لایەنگرانی ژینگەی رازی نەکردووە، بەڵکو داپۆشینی رۆخی دەریاچەی ورمێ بە ماددەیەک، بەلای ئەوانەوە لەبەرکردنی کفنە بۆ دەریاچەکە و بێهیواییە بە ژیانەوەی.
 
ئەگەر رووبەرەکەی بە ماددەی دیکە دابپۆشرێت، ئیکۆسیستمی ناوچەکەش دەخاتە مەترسییەوە و دەبێتە هەڕەشە بۆ ژیانی گیانداران و گژوگیای ناوچەکە، وەکو چۆن لە ناوچەکانی دیکەدا روویداوە.
 
محەممەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری ورمێ دوو هەفتە لەمەوبەر گوتی، "رووبەری دەریاچەی ورمێ ئێستا 686 کیلۆمەتری چوارگۆشە و 930 ملیۆن مەتری سێجا ئاوی تێدایە."
 
کەچی دەریاچەی ورمێ بۆئەوەی بگاتە ئاستی ئیکۆلۆژیک، دەبێت 14 ملیار مەتری سێجا ئاوی تێدا بێت. هۆکاری وشکبوونی دەریاچەی ورمێ بۆ بەڕێوەبەریی خراپی ئاو دەگەڕێتەوە.
 
محەممەد رەزا میرتاجەدینی، پەرلەمانتار رۆژی 17-12-2023 گوتی، "لە ناوچەی رێژاوی دەریاچەی ورمێدا 105 هەزار بیری ئاو هەن، کە 70 هەزار بیریان نایاسایین."
 
هەروەها بە گوتەی محەممەد دەرویش، شارەزای ژینگە، "105 بەنداو لە ئاوڕێژی دەریاچەی ورمێدا هەڵکەندراون، کە رێگە نادەن یەک دڵۆپ ئاو بڕژێتە نێو دەریاچەکە و رووبەرێکی زۆری وشک بووە."
 
سەرەڕای خەرجکردنی دەیان ملیار تمەن بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەکە و جێبەجێکردنی چەندین پرۆژە، هیواکان بە ژیانەوەی کاڵتر دەبنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە