نوێنەری مەسەدە لە واشنتن: تەنیا بەشێکی ئەشرەفییە کەوتووەتە دەست سوپای عەرەبی سووریا

16 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
دووکەڵ لەسەر گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب بەرز دەبێتەوە
دووکەڵ لەسەر گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب بەرز دەبێتەوە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لە واشنتن دەڵێ، بەهۆی هێرشەکەی سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب، نزیکەی 12 کەس گیانیان لەدەستداوە و 65ـی دیکەش بریندار بوون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''هەوڵ دەدەین شەڕەکە رابگیرێت و بە دیالۆگ گرفتەکان چارەسەر بکرێن".
 
ئەمڕۆ هەینی 09-01-2026، سینەم محەممەد، نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لە واشنتن، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 08:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە فوئاد رەحیم پێشکێشیکرد، لەبارەی هێرشەکانی سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب رایگەیاند، ''هێرشەکە لە بەرژەوەندیی گەلی سووریادا نییە. هەوڵ بۆ ئەوە دەدەین شەڕەکە رابگیرێت.''
 
سینەم محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، دەیانەوێت بە دیالۆگ و گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر گرفتەکان چارەسەر بکەن، ''چارەسەرێکی سیاسی، نەوەک چارەسەرێکی سەربازی.''
 
لە سێشەممەوە هێرشێکی بەرفراوان لەلایەن گرووپە چەکدارەکان و سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب دەستیپێکردووە کە دانیشتووانەکەی زۆرینە کوردن. ئەو نوێنەرەی مەسەدە گوتی، لەو دوو گەڕەکە کوردنشینە، زیاتر لە 10 ساڵە خەڵک خۆیان بەڕێوەدەبەن ''بەڵام بەداخەوە چەندین رۆژە هێرشێکی بەرفراوانیان دەکرێتە سەر.''
 
بەگوتەی سینەم محەممەد ئامانجی حکومەتی سووریا لە هێرشەکان ئەوەیە ''گەڕەکە کوردنشینەکان چۆڵ بکرێن و دیموگرافیای ناوچەکە بگۆڕن، ئەمە شتێکی مەترسیدارە.''
 
ئەو نوێنەرەی مەسەدە دوایین زانیارییەکان لەبارەی پێشڕەویی سوپای عەرەبیی سووریا دەخاتەڕوو و دەڵێت، ''ئەشرەفییە گەڕەکێکی زۆر گەورەیە و بەشێکی دانیشتووانەکەی عەرەبن، کەوتووەتە دەست ئەوان، بەڵام ئەو بەشەی کە دانیشتووانەکەی کوردن، لە ژێر دەسەڵاتی ئاسایشی ناوخۆدا ماوەتەوە.''
 
بەهۆی چڕیی هێرشەکانەوە ژمارەیەک لە دانیشتووانی گەڕەکە کوردنشینەکان بەرەو عەفرین رۆیشتوون. وەک سینەم محەممەد دەڵێت: ''حکومەتی سووریا دەیەوێت ئەو ناوچانە بخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیان و بۆ گەیشتن بەو ئامانجە هێرشی سەربازی بەکاردەهێنێت، خەڵک دەترسن، بۆیە بەشێکیان بەرەو عەفرین ئاوارە بوون.''
 
ژمارەی دانیشتووانی گەڕەکە کوردنشینەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە زیاتە لە 450 هەزار کەسە. ئەو نوێنەرەی مەسەدە ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا زیاتر لە 350 هەزار کەس لە گەڕەکەکاندا ماون و سەرەڕای هێرشەکان چۆڵیان نەکردووە.  
 
سینەم محەممەد جەختی لەوە کردەوە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر) خوازیاری شەڕ نین، ''چونکە نایانەوێت ژمارەی شەهیدان لەوە زیاتر بەرزببێتەوە. گەڕەکەکان گەمارۆ دراون و بە تانک و تۆپ هێرشیان دەکرێتە سەر.''

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کەسوکاریان بەشوێن تەرمی دوو منداڵەکەدا دەگەڕێن.

دوو منداڵی ئامۆزا لە رووباری دیالە خنکان و تەرمەکانیان نەدۆزراوەتەوە

پۆلیسی دیالە رایگەیاند، دوو منداڵی ئامۆزای یەکدی لە کاتی یاریکردندا لە نزیک رووباری دیالە لە سنووری ناحیەی سەعدییە خنکان و تاوەکو ئێستاش تەرمەکانیان نەدۆزراونەتەوە.