رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەڵێت، زیاتر لە 138 هەزار هاونیشتمانیی لە گەڕەکە کوردنشینەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەبەوە ئاوارەی عەفرین بوون، لە ئەمڕۆوە پێشوازییان لێدەکەن و خزمەتگوزاریی سەرەتاییان پێشکێش دەکەن.
رەواج حاجی، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نووسینگەمان لە عەفرین دەستیکردووە بە دوو پڕۆژەی گەورە لەنێو عەفرین بۆ هاوکاریکردنی ئەو کەسانەی لەو سنوورە پیویستیان بە هاوکاریی خێرا هەیە".
ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گوتی: "بەگوێرەی پارێزگاری حەلەب لەو دوو گەڕەکە کوردنشینەی حەلەب 27 خێزانی ئاوارەبوو گەڕاونەتەوە عەفرین و دەوروبەری".
رەواج حاجی گوتی: "ئەوانەی گەڕاونەتەوە 95%یان خەڵکی رەسەنی عەفرینن، زێدی خۆیان، بەشێکیان چوونەتە نێو کەسوکاریان و ئەوانەشی شوێنیان ئامادە نییە لە دوو کەمپ جێگەیان کراوەتەوە، یەکێکیان 70 خێزانی تێدایە و ئەوی دیکەش 30 خێزان، ئێستاش پێشوازی لە خێزانەکان دەکرێ".
رەواج حاجی دەڵێت: "لە سێ زۆنی چالاکیدا 50 کارمەندمان دەستیان بە کارکردن کردووە و پێشوازی لەو کەسانە دەکەن دەگەڕێنەوە؛ خزمەتگوزاری ئاو و پێداویستی سەرەتاییان پێ دەدرێ، ئەمڕۆ خواردنی گەرم کە بریتییە لە برنج، مریشک و سووپ بۆ سێ هەزار کەس ئامادە دەکرێت".
راشیگەیاند: "لەنێو ئەوانەی گەیشتوونەتە عەفرین بریندار هەن، زیاتر لە 10 تیمی تەندروستیمان ناردووە بۆ هاوکاری ئەو کەسانەی بریندارن و ئەوانەشی چارەسەریان پێویستە".
بەگوێرەی ئەو ئامارەی بۆ رووداو نێردراوە، تاوەکو ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، 27 هەزار و 750 خێزان گەڕاونەتەوە عەفرین کە ژمارەیان 138 هەزار و 750 کەسە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ