دەروازەی حاجی ئۆمەران کرایەوە؛ 'بەهۆی بەفرەوە چەند کاژێرێک داخرابوو'

09-02-2025
ژیڤان بەکر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی لە دوێنێ ئێوارەوە بەفر رێگەی پیرانشار بەرەو دەروازەی حاجی ئۆمەرانی داخست، ئەمڕۆ دەروازەکە کرایەوە و ئێستا هاتووچۆ تێیدا ئاساییە.
 
سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی حاجی ئۆمەران ئەمڕۆ (یەکشەممە، 9ـی شوباتی 2025) بە رووداوی گوت "لە کاژێر 17:00ـی دوێنێ ئێوارە بەهۆی نالەباریی کەشوهەوای ناوچەکە و لەپێناو سەلامەتیی گیانی گەشتیاران و خەڵک، هاتووچۆ لە رێگەی پیرانشار بەرەو حاجی ئۆمەرانی راگیرا."
 
دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران لە باشووری کوردستان یان تەمەرچین لە رۆژهەڵاتی کوردستان، جگە لە هاتووچۆی گەشتیاری، دەروازەیەکیشە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان، رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.
 
بەگوتەی گوتەبێژی دەروازەی حاجی ئۆمەران، دوێنێ بارینی بەفری زۆر کێشەی بۆ هاتووچۆی ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر دروست کردبوو، بۆیە "رێگەکە مەترسی هەبوو و هاتووچۆ تێیدا راگیرا، پاشان دەروازەکە لە دیوی ئێرانەوە داخرا."
 
سیروان حوسێن دەڵێت، بەیانیی ئەمڕۆ هاتووچۆ ئاسایی بووەتەوە، "ئێستا هاتووچۆی ترانزێت، بازرگانی و گەشتیاری لە دیوی پیرانشارەوە رووەو حاجی ئۆمەران و بەپێچەوانەیشەوە ئاساییە."
 
لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران سێ دەروازەی نێودەوڵەتی هەن؛ حاجی ئۆمەران لە سنووری پارێزگای هەولێر، باشماخ و پەروێزخان لە سنووری پارێزگای سلێمانی.
 
چەند رۆژێکە، بارستە هەوایەکی سارد و شەپۆلێکی بەفربارین رووی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کردووە، کە بەهۆیەوە ئەمڕۆ  لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە، کرماشان، ئیلام و لوڕستان، هەروەها بەشێکی ئێران کراوەتە پشوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە