ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی سەرکۆنەی پێشنیازێکی نەتەنیاهوو لەبارەی فەلەستینەوە دەکەن

09-02-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی سەرکۆنەی پێشنیازێکی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەکەن کە گوتبووی، ئەگەر سعودیە ناڕازییە لە راگواستنی دانیشتووانی کەرتی غەززە بۆ ئوردن و میسر، ئەوا خۆی خاکێکی فراوانی هەیە و دەتوانێت لەسەر خاکەکەی وڵاتێکیان بۆ دروست بکات. ئەمە دوای ئەوە هات کە پێشتر سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازی گواستنەوەی دانیشتووانی غەززەی کردبوو. 
 
رۆژی یەکشەممە، 9ی شوباتی 2025، ئەحمەد ئەبو خەیت، سەرۆکی کۆمکاری وڵاتانی عەرەب سەبارەت بە گوتەکە بنیامین نەتەنیاهوو رایگەیاند، بیرکردنەوە لەو گوتانەی نەتەنیاهوو "قبووڵنەکراوە و بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ کەتواردا (واقیع) یەکناگرێتەوە". دەشڵێت، ئەو گوتانە جگە لە "خەون و خەیاڵ" هیچی دیکە نین". 
 
رۆژی 31ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێویستە خەڵکی غەززە بگوازرێنەوە میسر و ئوردن و ئەو کەرتە کەڵکی شوێنی ژیانی نەماوە. دواتر، وەزارەتی دەرەوەی سعودیە و ژمارەیەک وڵاتی دیکەی عەرەبی و جیهانیش ئەو پێشنیازەیان رەتکردەوە. 
 
بەرامبەر ئەو راگەیێندراوەی سعودیە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەگەر سعودیە ناڕازییە بە گواستنەوەی دانیشتووانی غەززە ئەوا خۆیان خاکێکی فراوانیان هەیە و دەتوانن لەسەر خاکی خۆیان وڵاتێک بۆ فەڵەستینیەکان دروستبکەن. 
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق: لێدوانەکانی نەتەنیاهوو سەبارەت بە سعودیە سەرکۆنە دەکەین
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 09-02-2025 لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "لێدوانە دنەدەرەکەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەین، سەبارەت بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینی لەسەر خاکی عەرەبستانی سعودیە".
 
وەزارەتەکە جەختی لەوە کردەوە کە "ئەو لێدوانانە بەتەواوی رەتدەکەینەوە، کە پێشێلکارییەکی روونی سەروەری عەرەبستانی سعودیە و دەستدرێژییە بۆ سەر مافە رەواکانی گەلی فەلەستین، جگە لەوەی دژی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە".
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق پشتیوانی و هاوسۆزی تەواوی عێراق بۆ عەرەبستانی سعودیە دووپاتدەکاتەوە.
 
هاوکات جەختی کردەوە، "هەڵوێستیان نەگۆڕە لە پشتیوانی ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری وڵاتان و دەڵێت "دەستدرێژیکردنە سەر سەروەری نیشتمانی هەر وڵاتێک بە تەواوی رەتکراوەیە"
 
ژمارەیەک وڵاتی عەرەبیش گوتەکانی نەتەنیاهوویان سەرکۆنە و رەتکردنەوە
 
وەزارەتی دەرەوەی ئوردن ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەو گوتانەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەرکۆنە دەکەن و ئەمەشیان بە "پێشێلکردنێکی روونی یاسای نێودەوڵەتی" دانا. ئاماژەیان بەوەش کرد، فەڵەستینیەکان "مافیان هەیە کە وڵاتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەرییان" لە تەنیشت ئیسرائیلەوە هەبێت.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئیماراتیش لە راگەیێندراوێکدا هەمان هەڵوێستی ئوردنی دووبارەکردەوە لەبارەی گوتەکانی نەتەنیاهوو و رایگەیاند، ئەو گوتانە قبووڵکراو نین و بە "پێشێلکارییەکی یاسای نێودەوڵەتی و بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان"یان دانا.
 
وەزارەتی دەرەوەی سعودیەش رایگەیاند، ئەو گوتانە رەتدەکەنەوە کە ئامانج لێی "لابردنی سەرنجە لەسەر تاوانەکانی ئیسرائیلی داگیرکەر لە دژی برا فەڵەستینیەکانمان لە غەززە". وەزارەتەکە پێشوازی لە هەڵوێستی وڵاتانی دیکەی عەرەبیش دژی گوتەکانی نەتەنیاهوو کرد.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە