ژمارەیەک بەندکراوی چاکسازیی سلێمانی 9 رۆژە مانیان لە خواردن گرتووە

09-02-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەشێک لە حوکمدراوانی چاکسازیی گەورانی سلێمانی کە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن، 9 رۆژە مانیان لە خواردن گرتووە و داوا دەکەن بگەڕێندرێنەوە زیندانەکانی ئێران. نوێنەرێکیان دەڵێت، تەندروستیی بەشێکیان ناجێگیرە. 
 
سەرۆکی تۆڕی دادپەروەریی بەندییەکانی عێراقیش ئاماژە بەوە دەکات، بەشێک لەو بەندکراوانە بنێردرێنەوە، لەسێدارە دەدرێن.
 
بە گوتەی یەکێک لە نوێنەرەکانیان کە لە زیندانی چاکسازیی گەورانی سلێمانییەوە قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد، لە کۆی 25 حکومدراو، 15ـیان لە 01-02-2025ـەوە مانیان لە خواردن گرتووە بۆ ئەوەی بنێردرێنەوە بۆ زیندانەکانی ئێران.
 
نوێنەرەکەیان ئەمڕۆ (یەکشەممە، 9-2-2025) بە رووداوی گوت "لە دوێنێوە 8 کەسمان بە تەواوی دەمیان دووریوەتەوە، تاوەکو جێبەجێکردنی داواکانمان، بەردەوام دەبین لە مانگرتن." 
 
لەبارەی تەندروستی ئەوانەی 9 رۆژە مانیان گرتووە، ئەو نوێنەرەیان گوتی "زۆرینەیان شەکرەیان زۆر دابەزیوە و تەندروستییان جێگیر نییە." 
 
تۆمەتەکانی ئەو حوکمدراوانە چین؟
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، زۆرینەی ئەو کەسانەی حوکمدراون و داوای گەڕانەوە دەکەن، بە تۆمەتی بازرگانی بە هۆشبەر سزادراون، بەشێکی دیکەشیان بەگوێرەی مادەکانی تیرۆر و دۆسییەی ئەمنی، حوکمدراون.
 
ئیحسان عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو حوکمدراوانە و لەسەر هێڵن.
 
بەشێکی ئەو حوکمدراوانە سزای پێبژاردنیان لەسەرە. بەرپرسێکی ئاگادار لە دۆسیێکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەوانەی سزای پێبژاردنیان لەسەرە، پارەکە بدەن دەنێردرێنەوە ئێران، بەڵام ئەوانەی دۆسیەی ئەمنییان لەسەرە و بەشێکیان بە تۆمەتی سیخوڕی سزادراون، بەهیچ شێوەیەک ناگەڕێندرێنەوە." 
 
رێکخراوێک: هەندێک لە بەندکراون مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە
 
هەر ئەمڕۆ مافپەروەر شوان سابیر گەردی، سەرۆکی تۆڕی دادپەروەریی بەندییەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لە رووی مرۆڤایەتییەوە هاوسۆزی ئەو بەندکراوانەین، بەڵام لە رووە یاساییەکەوە نا، چونکە تێیاندایە بە بڕێکی زۆر هۆشبەرەوە دەستگیرکراوە و نابێت بنێردرێتەوە." 
 
بەندکراوەکان داوا دەکەن لەچوارچێوەی رێککەوتنێکی نێوان تاران و بەغدا، کە هەولێریش تێیدا بەشدارە، بنێردرێنەوە زیندانەکانی ئێران و لەوێ حوکمەکانیان تەواو بکەن.
 
شوان سابیر گەردی گوتی "ئەوانە هۆکاری نەناردنەوەیان زۆرە، بۆ نموونە؛ هەیە بە بڕێکی زۆر مادەی هۆشبەرەوە دەستگیرکراوە، بەگوێرەی یاسای ئێران بنێردرێتەوە لەسێدارەی دەدەن، بۆیە نابێت رادەست بکرێتەوە." 
 
سەرۆکی تۆڕی دادپەروەریی بەندییەکانی عێراق کە ئاگاداری دۆخی بەندکراوانە ئاماژەی بەوەش کرد، بەشێکی بەندکراوانی چاکسازیی گەورانی سلێمانی کە خەڵکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان داوای دووبارە دادگەییکردن دەکەنەوە، بەڵام "ئەوەش دەبێت لە چوارچێوەی یاسادا بێت و بەڵگەی بەهێزی نوێیان هەبێت لە دژی ئەو تاوانەی پێی حوکمدراون." 
 
شوان گەردی باسی لەوەش کرد، بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان "زۆرینەی داواکانی گەڕانەوەی ئەو بەندکراوانە، نایاسایین." 
 
رووداو زانیویەتی، چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەرانی ئێران لە هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵن، بۆ ئەوەی کۆنسووڵخانەی ئێران لە هەولێر و سلێمانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ بکەن بۆ ناردنەوەی بەشێکی ئەو بەندکراوانە.
 
پێشتر لەچوارچێوەی رێککەوتنی بەغدا - تاران و بە بەشداریی هەولێر، ژمارەیەک حوکمدراو لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان رەوانەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کراونەتەوە.
 
بە گوتەی نوێنەرەکەی بەندکراوان، هۆکاری داواکردنی گەڕانەوەیان بۆ زیندانەکانی ئێران دوورییە لە کەسوکاریان کە ناتوانن سەردانیان بکەن. گوتیشی "کەسمان هەیە مانگانە دوو ملیۆن تمەنی بۆ دەنێردێت کە لێرە هیچ بەهایەکی نییە، هەشمانە 6 مانگە نەیتوانیوە هاوژین و منداڵەکانی ببینێت." 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە