ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە هەرێمی کوردستان پارەی ژینگەی لێ وەردەگیرێت

09-02-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئۆتۆمبێلی کارەبایی کە بە دۆستی ژینگە ناسراوە و بەنزین و رۆنی ناوێت، دەبێت لە هەرێمی کوردستان وەک ئۆتۆمبێلەکانی دیکە پارەی ژینگە بدات.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، عەقید سامان عەلی، گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هیچ رێنماییەکی نوێ نییە بۆ تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی و هەر وەکو ئۆتۆمبێلێکی تایبەت کە بە بەنزین یان گازوایل کاردەکات، مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت".
 
هەر ئۆتۆمبێلێک ساڵیانەکەی نوێ بکاتەوە، پارەی پێنج ساڵی بۆ رێگەوبان و ژینگە لێوەردەگیرێت کە 100 هەزار دینارە و بۆ هەر ساڵێک 20 هەزارە. عەقید سامان گوتی: "50 هەزاری ئەو پارەیە تایبەتە بە ژینگە و لە ئۆتۆمبێل وەردەگیرێت، چونکە هۆکارێکی پیسکردنی ژینگەیە".
 
ئۆتۆمبێلی کارەبایی کە ئێستا لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی جیهان بەرەو زیادبوون دەچێت، بە دۆستی تەواوی ژینگە دادەنرێت، بەو پێیەی هیچ سووتەمەنییەکی پێویست نییە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رێنوێنی نوێی بۆ تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی رەوانەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان نەکردووە.
 
هاونیشتمانییەک لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی ساڵیانە و ئۆتۆمبێلەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەڵێت: "ئۆتۆمبێلی تێسلام ژمارە کردووە پارەی پێنج ساڵی ژینگەیان لێ وەرگرتووم، لەکاتێکدا نە ساڵەنسا، نە رۆنی هەیە و نە بەنزینیشی دەوێت، ئەوەی شلەمەنی بێت تەنیا ئاوی فڵچەکانە لە ئۆتۆمبێلەکەدا".
 
ساڵی رابردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری 100٪ لێخۆشبوونی باجی بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی دەرکرد.
 
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل هەن کە بە سووتەمەنی کار دەکەن و بەهۆکارێکی پیسیکردنی ژینگە دادەنرێن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە