بەرپرسێکی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق: لە شنگال 62 گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدراونەتەوە

09-02-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی تیمی پشکنینی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە عێراق رایگەیاند، لەساڵ 2019ـوە تاوەکو ئێستا، 62 گۆڕی بەکۆمەڵ لە قەزای شنگال هەڵدراونەتەوە، 31 گۆڕی دیکەش ماوەن هەڵبدرێنەوە.
 
ئەحمەد قوسەی، سەرۆکی تیمی پشکنینی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە عێراق بە رووداوی راگەیاند، تیمەکانیان بەردەوامن لە گەڕان بە دوای گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە شنگال، دوایین زانیاریش کە پێیانگەیشتووە، لە ساڵی 2023 بووە لە بارەی گۆڕێکی بە کۆمەڵ لە شنگال و لەو مانگەدا دەستیان بە هەڵدانەوەی گۆڕەکە کردووە.
 
ئەو رووفاتەنەی لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی شنگال دەردەهێندرێن، بەمەبەستی پشکنین و بەراورکردنی دی ئێن ئەیەکەیان لەگەڵ دی ئێن ئەی کەسوکاریان، رەوانەی دادپزیشکیی بەغدا دەکرێن. دوای بەراوردکردن، رووفاتەکان رادەستی کەسوکاریان دەکرێتەوە.
 
لە دوای رزگارکردنی شنگال لە دەستی داعش، تاوەکو ئێستا 93 گۆڕی بە کۆمەڵ لە شنگال دۆزراونەتەوە.
 
ئەحمەد قوسەی دەڵێت "ژمارەی رووفاتەکانی نێو گۆڕەکان جیاوازن، گۆڕی وا هەیە تەنیا یەک رووفاتی تێدایە، هەیە زیاتر لە رووفاتێکی تێدایە."
 
ئەحمەد قوسەی ئاماژەی بەوەدا، بەشێک لەو گۆڕانە لە کاتی نۆژەنکردنەوەی خانووی هاووڵاتیان و دەزگاکانی حکومەت دۆزراونەتەوە، لەوانە دۆزینەوەی گۆڕێک لە کاتی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەیەک لە گەڕەکی ئازادیی شنگال.
 
بەپێی پلانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە عێراق؛ هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە قەزای شنگال بەردەوامە. ئەحمەد قوسەی دەڵێت، بۆ ئەمساڵ بە دوو قۆناخ دەست بە هەڵدانەوەی گۆڕەکان دەکەن، قۆناخی یەکەم لەم مانگەدا دەستیپێکردووە، قۆناخی دووەمیش لە مانگی ئابدا دەستپێدەکات.
 
سەرۆکی تیمی پشکنینی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە عێراق گوتی "لە قۆناخی یەکەمدا 10 گۆڕی بەکۆمەڵ لە 5 شوێن دا هەڵدەدرێنەوە، لە قۆناخی دووەمیش لە چوار بۆ پێنج شوێن، زیاتر لە 10 گۆڕی بە کۆمەڵ هەڵدەدرێنەوە."
 
لەو 62 گۆڕە بە کۆمەڵەی شنگال کە هەڵدراونەتەوە، 600 رووفات دەرهێندراون، 250 رووفات دوای پشکنین و ناسینەوەیان رادەستی کەسوکاریان کراونەتەوە. 
 
ئەحمەد قوسەی گوتی، "کاری بەراوردکردن و پشکنینی تاقیگەیی سەرەتایی لە بەڕێوەبەرایەتیی پزیشکی دادوەری لەنێوان رووفاتی دەرهێنراو لە گۆڕەکان و نموونەی خوێنی وەرگیراوی خێزانەکان، بەردەوامە."
 
جگە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی سەردەمی داعش، تیمی پشکنینی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە عێراق، بەردەوامە لە گەڕان بەدوای گۆڕە بەکۆمەڵەکانی سەردەمی رژێمی بەعس.
 
ئەحمەد قوسەی گوتی: "تاوەکو ئێستا بە گشتی 190 گۆڕی بە کۆمەڵی سەردەمی داعش و بەعس هەڵدراونەتەوە، 90 گۆڕی بە کۆمەڵیش ماون هەڵبدرێنەوە. بەپێی پلان و بودجەی بەردەست کاریان تێدا دەکرێت."
 
سەبارەت بە گۆڕە بە کۆمەڵەکانی ئەنفالکراوانی گەلی کوردیش، ئەحمەد قوسەی گوتی "کارکردن لەو گۆڕە بەکۆمەڵانە بەردەوامە، دوایینینیان گۆڕێکی بەکۆمەڵ بوو لە ناوچەی تەل شێخیە لە بیابانی سەماوە کە نزیکەی 15 رۆژ لەمەوبەر هەڵدرایەوە، نزیکەی 153 رووفاتی لێ دەرهێنرا و سەرجەمیان گواسترانەوە دادپزیشکی."
 
سەرۆکی تیمی پشکنینی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە عێراق، دەڵێ ئەو گۆڕە بەکۆمەڵەی ئەنفالەکان لە رێگەی شیکردنەوەی وێنەکانی مانگە دەستکردەکان دۆزراوەتەوە و، ئێستا دەرکەوتووە حەوت گۆڕی دیکە لەو ناوچەیەدا هەن. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە