یەکدەنگیی کورد بەرامبەر پرسی رۆژئاوای کوردستان و پشت تێکردنی رۆژئاوا

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە کاتێکدا دۆخی سیاسیی سووریا و ناوچەکە بە خێراییەکی بێوێنە دەگۆڕێت، پرسی کورد لە رۆژئاوای کوردستان (باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا) چووەتە قۆناخێکی چارەنووسساز و پڕ لە مەترسی. 
 
ئەمڕۆ کورد نەک تەنیا لە ناوخۆی سووریا، بەڵکو لە جەرگەی ئەورووپاش دەنگی خۆیان دژی ئەو "پێشێلکاری و هەڕەشانە" بەرز دەکەنەوە کە رووبەرووی قەوارەکەیان دەبێتەوە.
 
برۆکسل؛ دەنگی ناڕەزایەتی دژی "بەرژەوەندییە جیۆسیاسییەکان"
 
رۆژی شەممە 7ـی شوباتی 2026، شاری برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، بووە مەیدانی خۆپێشاندانێکی فراوان. بەپێی راپۆرتێکی میدیایی The Brussels Times، نزیکەی 150 کەس لە مەیدانی (پاتریس لومومبا) کۆبوونەوە و داوای ئازادیی کوردستانیان کرد. 
 
ئەم چالاکییە کە لەلایەن رێکخراوە کوردییەکانی بەلجیکاوە رێکخرابوو، 19ـەمین چالاکیی ناڕەزایەتی بوو لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوودا کە ناوچەکانی فلاندەرز، برۆکسل و والۆنیای گرتووەتەوە.
 
خۆپێشاندەران بەرەو پەرلەمانی ئەورووپا رێپێوانیان کرد، داوای ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەیان دەکرد کە تەمەنی گەیشتووەتە 76 ساڵ و 26 ساڵە لە زینداندایە. 
 
رێکخەرانی خۆپێشاندانەکە لە راگەیێندراوێکی نووسراودا رەخنەی تووندیان ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد؛ ئەوان ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپایان تۆمەتبار کرد بەوەی "بەرژەوەندییە جیۆسیاسییەکان"یان خستووەتە پێش مافەکانی کورد لە سووریا و عێراق. 
 
هەروەها نیگەرانیی قووڵی خۆیان دەربڕی لەبارەی ئەو دانوستاناندنانەی بۆ تێکەڵکردنەوەی رۆژئاوای کوردستان لە ناو دەوڵەتی سووریادا دەکرێن و پێیان وایە ئەمە "سازشێکی گەورەیە لەسەر ئۆتۆنۆمی و مافەکان" بەبێ هەبوونی گەرەنتییەکی دەستووریی قایم.
 
کۆبانێ؛ هێمایەک لە نێوان دوو گەمارۆدا
 
یەکێک لە خاڵە هەرە هەستیارەکانی خۆپێشاندەرانی برۆکسل، دۆخی مرۆیی شاری کۆبانێ بوو. ئالان فراشۆن لە شڕۆڤەیەک بۆ رۆژنامەی فەرەنسیی (لو مۆند)، تیشک دەخاتە سەر ئەم تراژیدیایە. کۆبانێ کە لە پاییزی 2014دا بووە هێمای تێکشکاندنی داعش، ئێستا لە شوباتی 2026دا جارێکی دیکە لەژێر گەمارۆدایە.
 
فراشۆن دەڵێت: "ئەوکات هیچ شتێک نەدەتوانرا چەکدارانی باوەڕپێکراوی ئەبوبەکر بەغدادی رابگرێت، بەڵام ژنان و پیاوانی گەنجی باڵی سەربازیی کورد لە کۆبانێ رایانگرتن." بەڵام ئێستا دیمەنەکە گۆڕاوە؛ کۆبانێ پەناگەی دەیان هەزار ئاوارەی کوردە کە لە سەرما و قوڕ و بەفردا لە کەمپەکاندان. 
 
فراشۆن بەراوردێکی پڕ لە ئازار لە نێوان دوو مێژووی شاری کۆبانێ دەکات:
 
• پاییزی 2014: کاتێک داعش بە ئاڵای رەشەوە گەیشتە سنووری تورکیا و هەموو جیهانی دەترساند، کچ و کوڕە گەنجەکانی رۆژئاڤا بە پشتیوانیی ئاسمانیی هاوپەیمانان (ئەمریکا، فەرەنسا و بەریتانیا) یەکەم شکستیان بە ئەبوبەکر بەغدادی هێنا. کۆبانێ پەیامێکی سەربازی و سیاسیی مەزن بوو: "جیهادیستەکان تێکنەشکاو نین." باجی ئەم سەرکەوتنەش کوژرانی 11,000 بۆ 14,000 شەڕڤان و دەیان هەزار بریندار بوو.
 
• شوباتی 2026: ئێستا کۆبانێ جارێکی دیکە لەژێر گەمارۆدایە. "سوپای ئەحمەد شەرع لە میلیشیای عەرەب پێکهاتووە کە زۆربەیان مەیلێکی ئیسلامیی تووندیان هەیە. ئەستەمە مرۆڤ ئەم گەمارۆیە وەک تۆڵەکردنەوەیەک نەبینێت بۆ شکاندنی کورد، چونکە ئەو میلیشیایانە وەک جێگرەوەی داعش، هەمان بیری عەرەبی سوننە پەیڕەو دەکەن."
 
ژنانی کورد؛ رۆحی بەرگری و مۆمێکی گەشاوەی رۆژهەڵات
 
لە ناو جەرگەی ئەم شەڕەدا، رۆڵی ژنانی کورد وەک هێزێکی بێوێنە دەردەکەوێت. مانیش رای، شڕۆڤەکاری جیۆسیاسیی ئوسترالی، لە راپۆرتێکدا بە ناوی (مەشخەڵی بەهێزکردنی ژنان)، ئاماژە بەوە دەکات کە تێگەیشتن لە ناوچەکە بەبێ تێگەیشتن لە رۆڵی یەپەژە مەحاڵە.
 
رای دەڵێ: "ئەم هێزە کە لە ساڵی 2013 دامەزراوە، تەنیا هێزێکی سەربازی نییە بۆ شەڕی داعش، بەڵکو پڕۆژەیەکی کۆمەڵایەتییە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستمی پیاوسالاری. درووشمی ژن، ژیان، ئازادی بووەتە بنەمایەک بۆ دیموکراسیی راستەوخۆ و هاوسەنگیی ژینگەیی."
 
مانیش رای جەخت دەکاتەوە، ئەم خەباتە مێژووییە و رەگی لە ناو شۆڕشگێڕانی وەک لەیلا قاسم هەیە کە لە حەفتاکاندا دژی سەدام حوسێن وەستایەوە، هەڤرین خەلەف کە لە 2019دا لەلایەن تووندڕۆکانەوە شەهید کرا.
 
نووسەرەکە لە باسی هەرێمی کوردستان دەڵێ: "ئەم مۆدێلە لە باشووری کوردستانیش (عێراق) رەنگی داوەتەوە؛ لە مارگرێت جۆرجـەوە تاوەکو دامەزراندنی یەکەم یەکەی ژنان لە ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەکێتی) لە ساڵی 1996.
 
لیوا عوسمان ریشە، گوتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگە بە نووسەرەکەی راگەیاندووە، ئێستا بەشداریی ژنان شێوازێکی "ئەکادیمی و دامەزراوەیی" وەرگرتووە و ئەوان لە کۆلێژە سەربازییەکاندا مەشق دەکەن.
 
خیانەتی رۆژئاوا 
 
سەرەڕای هەموو ئەم قوربانییانەی کە کورد داویەتی (کە بەپێی ئاماری پەیمانگەی کوردی لە پاریس لە نێوان 11,000 بۆ 14,000 شەهید بووە لە شەڕی داعش)، رۆژنامەی لو مۆند باس لە "کۆتایی تاقیکردنەوەی رۆژئاوا" دەکات.
 
فراشۆن نووسیویەتی: "رۆژی هەینی 30ـی کانوونی دووەمی 2026 ئەو رێککەوتنەی ئەحمەد شەرع بەسەر سەرکردایەتیی کورددا سەپاندی، کۆتایی بە 12 ساڵ حوکمی خۆبەڕێوەبەری هێنا. ئێمە قەرزە ئەخلاقییەکەی خۆمان جێبەجێ نەکرد. ئەوانەمان جێهێشت کە بەبێ ئەوان داعش تێکنەدەشکێندرا."
 
ئەم وەرچەرخانە دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان دۆناڵد ترەمپ و رەجەب تەیب ئەردۆغان هات. "ترەمپ گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی کورد هەڵکرد." تۆم باڕاک، باڵیۆزی ترەمپ لە تورکیا و بەرپرسی دۆسیەی سووریا، بە راشکاوی گوتی: "بەداخەوە، بەڵام چیدیکە پێویستمان بە کورد نییە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە