وەزیری دارایی وەڵامی کارگێڕێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەداتەوە: ئێوە سلێمانیتان سزاداوە نەک من

09-03-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی قسەیەکی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەبارەی "سزادانی" پارێزگای سلێمانی دەڵێت، کێشەکانی سلێمانی و دەوروبەری کێشەی کابینە و وەزارەتی دارایی ئێستا نییە و هۆکارەکانی هەمان هۆکارن کە پێش ئەم مێژووەش "سلێمانی و دەوروربەری وێرانکردووە و تائێستاش بەردەوامە". 
 
رۆژی پێنجشەممە، 9-3-2023، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا باسی کێشە و داهاتەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەکات و بەرپرسیارێتییەکەی دەخاتە ئەستۆی بەرپرسانی سنوورەکە.
 
وەزیری دارایی لە وەڵامی "سزادان"ـی پارێزگای سلێمانیدا، وەکو ئەوەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە لێدوانێکدا باسی لێوەکردبوو. بە شەش خاڵ وەڵام دەداتەوە:
 
یەکەم؛ کێشەکانی سلێمانی و دەوروبەری هی ئەم کابینەیە و ئەم وەزارەتی داراییە نییە، هۆکارەکانی هەمان هۆکارن کە پێش ئەم مێژووەش سلێمانی و دەوروربەری وێران کردووە و تائێستاش بەردەوامە، جەنابتان ناتوانن خۆتانی لێ بێ ئاگا بکەن، ناشتوانن سلێمانی ( 2019) لە ئێستا بە پێشکەوتووتر و جوانتر دابنێن.
 
دووەم: گەندەڵی و خنکاندنی بازاڕ و سەرانەسەندن لە بازرگان و ........هتد، بکەرەکە و کارەکتەرەکانی لە سلێمانی و دەوروبەری بە کەس ناشاردرێتەوە و ناتوانن خۆتانی لێ بێبەری بکەن، واتە ئێوە سزای سلێمانی دەدەن نەک بەندە. 
 
سێیەم؛ ماوەی نزیکەی چوار ساڵە ئێمە لە وەزارەتی دارایی لە هەوڵی بەردەوامی چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکانی سلێمانیداین، هەرچی لەتوانای ئێمەدا بێت کردوومانە، چەند توانیبێتمان بەسەر ئاستەنگە دەستکردەکانی ئێوەدا سەرکەوین، ئەوەندە سەرکەوتووتربووین، ئەمانەش بە کردەوە نەک قسەی زل و فشەی سیاسی، بۆ راستیش دەکرێ پرسیار لە وەزیرە بەڕێزەکان و پارێزگارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین بکەن. 
 
چوارەم: کێشەی ئێستای سلێمانی سەرباری دابەزینی داهاتی سنوورەکە، لە ساڵی 2021ـەوە دەستپێدەکات کاتێک لە ( 1-1-2021 ) لە بانکەکانی سلێمانی نزیکەی 350 ملیار دینار هەبوو، لە کۆتایی هەمان ساڵ گەیشتە نزیکەی 100 ملیار دینار، لە کۆتایی ساڵی 2022 کورتهێنان لە بانکەکانی سلێمانی گەیشتە نزیکەی یەک ترلیۆن دینار، کە هەمووی پارەی هاووڵاتیان و فەرمانگەکانی سلێمانی بوو. ئێمە بکەری سەرەکیی ئەو تاڵانییەمان سزا دا و جەنابتان گوڵبارانتان کرد، ئێمە داومانە بە دادگە و جەنابیشتان پاداشتی دەکەن، دەبێت ئێوە کە پاداشتتان کردبێت سزای سلێمانیتان داوە یان ئێمە کە داومانەتە دادگە؟ 
 
پێنجەم: رێککەوتن لەسەر پشکی 57٪ و پشکی 43٪، وەزارەتی دارایی لێی بەرپرسیار نییە و زۆریش دژییەتی، جەنابتان دەبووایە لە سەرەتاوە قبووڵی نەکەن، نەوەک لەم دوا دواییەدا بیرت بکەوێتەوە، ئۆباڵی هەر دەرهاویشتەیەکی ئەو کارە تەنیا لە ئەستۆی ئێوەیە کە پێی رازی بوون. 
 
شەشەم: من یەکێک بووم لەو پێشمەرگانەی کە گەنجێتیی خۆم و خوێن و رەنجێکی زۆرم بە کوردستان و سلێمانی بەخشیوە، زۆر زۆر لە ئێوە زیاتر خۆشم دەوێ و دڵم پێی دەسووتێت، هەمیشە خۆشەویستی ئەو شارە و خەڵکەکەی لە دڵ و دەروونی مندایە نەک لە بۆنەکاندا بیرم بکەوێتەوە، من نەهاتوومەتە سەر حازری.
 
وەڵامەکەی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری کە لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕانە، دوای ئەوە دێت، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، لە لێدوانێکدا لە چەند کاژێری رابردوودا باسی لەوەکردبوو کە ئاستی خزمەتگوزارییەکان و ئاوڕدانەوە و پڕۆژەکان لە پارێزگای سلێمانی و پارێزگاکانی دیکەی هەولێر و دهۆک زۆر جیاوازە و گوتی "حکومەت و وەزیری داراییەکەی لەوە بەرپرسن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە