رووداو دیجیتاڵ
پارێزگای هەولێر دەڵێت، بە گوێرەی لێکۆلینەوە سەرەتاییەکان، ئاگر کەوتنەوەکەی ئەمڕۆی هەولێر لە کۆگەیەک بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، لە نزیک ناوچەی پیشەسازی باکووری هەولێر، ئاگر لە کۆگەیەکی کاڵای دیکۆرات و کەلوپەلی بیناسازی کەوتەوە.
پارێزگای هەولێر دەڵێت، "خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبووە تەنیا زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە."
پەیامنێری رووداو لە شوێنی ئاگرەکەوە رایگەیاند، 11 تیمی بەرگریی شارستانیی هەولێر سەرقاڵی کوژاندنەوەین.
ئیبراهیم خزر، خاوەنی کۆگەکە بە رووداوی گوت، "بەهۆی ئاگرەکەوە 10 ملیۆن دۆلار زیانم پێگەیشتووە".
گوتیشی، "سوپاس بۆ خوا هەموو کارمەندەکانمان سەلامەتن و زیانی گیانی نەبووە".
پێشتریش، خاوەنی کۆگەکە لەبارەی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە بە رووداوی گوت، "شۆرتی کارەبا بووە".
لە پاش چەندین کاژێر کاتێک ئاگرەکە کۆنترۆڵکرا، کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە رۆژنامەڤانانی گوت، "ئەو کۆگەیەی ئاگری گرتووە چەند کەلوپەلێکی تێدابووە کە زوو گڕ دەگرن، بۆیە ئاگرەکە بەو شێوەیە تەشەنەی سەندووە".
گوتیشی، "ئاگرەکە لە جۆری لووتکە بووە، ئەگەر زوو فریانەکەوتینایە زیانەکانی زیاتر دەبوون".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ