کوردستان
ئەم پەنابەرە بە ناوی کۆڤان موحسین مەلا حەمەدەمین، لە شاری ستۆکهۆڵم تەقەی لێکراوە و کوژراوە.
رووداو دیجیتاڵ
پەنابەرێکی کوردی باشووری کوردستان لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد تەقەی لێکرا و کوژرا، مامێکی پەنابەرەکە دەڵێت، نازانن بۆچی کوژراوە.
کاژێر 11:00ـی شەوی پێنجشەممە، 7ـی ئاداری 2024، پەنابەرێکی کورد بە ناوی کۆڤان موحسین مەلا حەمەدەمین، لە شاری ستۆکهۆڵم تەقەی لێکراوە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
ساماڵ مەلا حەمەدەمین مامی کۆڤانە و رۆژی شەممە 09-03-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە هۆکاری کوشتنەکەی نازانین، چاوەڕوانی لێکۆڵینەوەی پۆلیسی سوێدین".
بنەماڵەکەی کۆڤان نازانن تەقەکەرەکان کورد بوون یان خەڵکی وڵاتێکی دیکە. مامەکەی کۆڤان دەڵێت، "هێندەی بزانین کۆڤان کێشەیەکی هێندە گەورەی نەبووە بگات بەوەی بکوژرێت".
کەسوکاری کۆڤان موحسین سەرقاڵی رێکارەکانن بۆ گەڕانەوەی تەرمی کوڕەکەیان بۆ زێدی خۆی. ساماڵ مەلا حەمەدەمین گوتی، "کۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو تەرمەکەی دەگەڕێنینەوە کوردستان".
ساڵانە رووداوی هاوشێوە لە سوێد روودەدەن؛ تەمموزی رابردوو گەنجێکی خەڵکی هەولێر لە شاری ڤێستەرۆسی ئەو وڵاتە کوژرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ