رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا هۆشداری داوە، بەهۆی لێزمەبارانەوە ئەگەری دروستبوونی لافاو لە چەند پارێزگایەکی باکووری کوردستان هەیە. دەشڵێت بەفربارین لە چەند پارێزگایەکی دیکەش بەردەوام دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ شەممەی لە تورکیا و باکووری کوردستان بڵاوکردەوە و تێیدا هۆشداری لەبارەی لافاوی دوا لێزمەبارانەکان دەدات. دەشڵێت لە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە لە پارێزگاکانی ئامەد، مێردین، ئێلیە و رووها شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین دەستپێدەکات.
هۆشداری لافاویش لە شارۆچکەکانی ستێور و شەمرەخی مێردین؛ دەوروبەری ئامەد؛ ناوەندی ئێلیە و شارۆچکەی ساسۆن؛ شارۆچکەکانی وێرانشار و سیوەرەکی رووها و ناوەندی شارەکانی سەمسوور، خارپێت و چەولیگ دەدرێت.
هاوکات بەفربارین پارێزگاکانی قەرس، ئەردەخان، وان و جۆلەمێرگ دەگرێتەوە و تەواوی رۆژ بەردەوام دەبێت.
هاوکات، دەزگای ئافاد بە پشتبەستن بەپێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا، داوا لە هاونیشتمانیانی ئەم چەند پارێزگایەی باکووری کوردستان دەکات، بەتایبەتی گوندنشینەکان لە ئەگەری روودانی لافاودا بچنە سەربانی ماڵەکانیان.
دەزگای ئافاد، ئامادەباشیی خۆیشی راگەیاندووە بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ شارەوانییەکان و فەرماندەیی هێزەکانی جەندرمە بەپێی پێویست بەهانای خەڵک دەچن لە ئەگەری کۆبوونەوەی ئاو بەهۆی لێزمەباران و ئەگەری روودانی لافاوەکاندا.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا پێشبینیش دەکات، پلەی گەرما لەم ناوچانە لە کاتی بەرەبەیانەوە زیاتر دادەبەزێت و شەپۆلی بارانبارینەکەش تاوەکو 10ـی مانگ بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ