کۆمیسیۆن لە هەولێر: تائێستا هیچ هاوپەیمانییەک بۆ هەڵبژاردن تۆمار نەکراوە

09-03-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی کۆمیسیۆن، 14ی ئەم مانگە دوایین رۆژە بۆ تۆمارکردنی حیزب و هاوپەیمانییەکانی بەشدار لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. بەرپرسێک لە لقی هەولێری کۆمیسیۆن دەڵێت، تاوەکو ئەمڕۆش هیچ حیزب و هاوپەیمانییەک خۆیان تۆمار نەکردووە و هیچ بڕیارێکیش بۆ درێژکردنەوەی ماوەکە نییە.
 
3ی ئاداری 2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمانێکی هەرێمی، رۆژی 10ی حوزەیرانی ئەم ساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد. دوای فەرمانەکە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رێوشوێنەکانی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە دەستپێکرد و رایگەیاند، لە 5 بۆ 14ی ئادار حیزب و هاوپەیمانییەکان دەتوانن خۆیان تۆمار بکەن.
 
بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان سێ جۆر بەربژێرکردن تۆمار دەکرێت کە بریتین لە حیزب، هاوپەیمانی یان بەربژێری سەربەخۆ.
 
فەرهاد ئەسعەد شێتنەیی، بەرپرسی هۆبەی لایەنە سیاسییەکان لە نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ هیچ حیزب و هاوپەیمانییەک لە هەولێر بۆ هەڵبژاردن خۆیان تۆمار نەکردووە."
 
شێتنەیی ئاماژەی بەوەش کرد، دوایین رۆژ 14ی ئادارە و هیچ بڕیارێک بۆ درێژکردنەوەی ماوەکە نەدراوە.
 
مەرجی تۆمارکردنی هاوپەیمانیێتی و بەربژێرەکان
 
بەگوێرەی رێکارەکان، هاوپەیمانیێتییەک دەبێت شەش ملیۆن دینار بدات و نابێت پارتێک لە بازنەیەکی دیاریکراو لە یەک کاتدا وەک هاوپەیمانیێتی و وەک پارتیش بەشدار بێت.
 
دەبێت بەربژێر 25 ساڵی تەواو کردبێت و بە چەند تاوانێکی دیاریکراو سزا نەدرابێت. هەر هاوپەیمانیێتییەکیش کە پێشتر تۆمارکراوە و بیەوێت ناوەکەی بگۆڕێت، دەبێت دوو ملیۆن و 500 هەزار دینار بدات.
 
دوو حیزبی سیاسی یان زیاتر دەتوانن هاوپەیمانیێتی پێکبهێنن بۆ هەڵبژاردن، بەڵام نابێت پارتێکی بەشداربوو لە هاوپەیمانیێتییەکەش لە هەمان بازنەی هەڵبژاردن بە جیا و لەدەرەوەی هاوپەیمانیێتییەکە بەشداری بکات.
 
بەگوێرەی کۆمیسیۆن، ئەو کەسەی خۆی بۆ پەرلەمان بەربژێر دەکات، دەبێت رۆژی دەنگدان تەمەنی گەیشتبێتە 25 ساڵ؛ تۆماری بایۆمەتری دەنگدەرانی کردبێت، هاونیشتیمانیی هەرێمی کوردستان و دانیشتووی ئەو ناوچەیە بێت، کە خۆی تێدا بەربژێر دەکات.
 
لە رێکارەکانی تایبەت بە بەربژێراندا هاتووە، "نابێت سزادراو بێت لەسەر تاوانی کوشتنی بەمەبەست، دزی و گەندەڵی، بەدڕەوشتی، بەشدار بوون لە تاوانی سەرکوتکەرانەی رژێمی پێشوو (بەعس) کە لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدرابێت."
 
دوای فەرمانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەیمان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتیی پارت و رێکخراوەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بە هاوئاهەنگیی ئێمە بووە. کاتەکە گونجاوە و بێ کێشە لەو کاتەدا بەڕێوەدەچێت."
 
لە خولی پێشوودا؛ پەرلەمانی کوردستان 111 کورسی بوو، کە 11ـیان کۆتای پێکهاتەکان بوون، لەم هەڵبژاردنەدا بەگوێرەی فەرمانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق کە 21ـی شوباتی 2024 دەریکرد، کورسی پێکهاتەکانی بە "نادەستوور"ـی پێناسە کرد. بەگوێرەی ئەو بڕیارە، هەڵبژاردنی ئەمجارە 100 کورسی دەبێت و کۆتای پێکهاتەکانی تێدا نامێنێت.
 
هەروەها ئەم هەڵبژاردنە جیا لە پێشتر بە چوار بازنە دەبێت و دەنگدەری پارێزگایەک ناتوانێت دەنگ بە بەربژێری پارێزگایەکی بەدەر لە پارێزگاکەی خۆی بدات.
 
 100 کورسییەکەی پەرلەمان بەمشێوەیە دابەشی سەر بازنەکان لە پارێزگاکاندا کراوە:
 
سلێمانی: 38 کورسی 
هەولێر: 34 کورسی 
دهۆک: 25 کورسی 
هەڵەبجە: 3 کورسی
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.