رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق رەزامەندیی سعودییەی وەرگرت بۆ تەرخانکردنی 500 ڤیزەی عومرەی رۆژانە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێ عومرە بکەن. گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: "پێمان باش نییە لەم دۆخەدا کەس گەشت بکات."
رۆژی دووشەممە، 9ـی ئاداری 2026، کاروان ستوونی، گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو ژمارەیەی دیاریکراوە کە 500 ڤیزەی رۆژانەیە، هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە."
بە گوتەی گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، تەنیا کۆمپانیا فەرمییەکان مافی پێدانی ئەو ڤیزەیەیان هەیە، کە لە هەرێمی کوردستان تەنیا 5 کۆمپانیان. ڤیزەکەش لە رێگەی سیستمێکی ئۆنلاینەوە دەبێت کە شەوی رابردوو کاژێر 12:00 چالاک کرا.
کاروان ستوونی ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی زۆریی داواکاری لەسەر سیستمەکە لە کۆی 19 پارێزگاکەی عێراق، پێناچێت تاوەکو ئێستا کەس لە هەرێمی کوردستان ئەو ڤیزەیەی وەرگرتبێت، چونکە سیستمەکە بەو جۆرەیە "کێ زووتر ناوی تۆماربکات و پاسپۆرتی ئامادە بێت، دەتوانێت وەری بگرێت، بەڵام هێشتا ئەوەش گەرەنتی نییە."
کاروان ستوونی گوتی: "وەرزی عومرە تاوەکو 20ـی ئادار بەردەوام دەبێت و لە مانگی نیسانەوە وەرزی حەج دەستپێدەکات."
لە هەرێمی کوردستان لە کۆی 400 کۆمپانیا، 200 کۆمپانیایان گرێبەستیان لەگەڵ دەستەی حەج و عومرە هەیە بۆ گواستنەوەی عومرەکاران، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، پرۆسەی گەشتکردن رووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە.
گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان هۆشداری دا و رایگەیاند: "ئێستا، بەهۆی پێشهاتەکان و دۆخی ناوچەکەوە گەشتی ئاسمانی نەماوە، تەنیا رێگەی وشکانی ماوە و رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەو رێگەیەش نەمێنێت. هەر کەسێکیش گەشت بکات لەسەر بەرپرسیارییەتی خۆیەتی و ئێمە وەک دەستەی حەج و عومرە پێمان باش نییە لەم کات و دۆخەدا خەڵک بچێتە عومرە."
سەبارەت بەو عومرەکارانەی ئێستا لە سعودییەن، کاروان ستوونی ئاشکرای کرد: "کاروانێکی عومرەکاران کە ژمارەیان نزیکەی 500 کەسە و پێشتر بە فڕۆکە رۆیشتبوون، ئێستا بەهۆی راگیرانی گەشتە ئاسمانییەکان دەبێت بە پاس و لە رێگەی وشکانییەوە بگەڕێنەوە؛ پەیوەندیمان لەگەڵیان هەیە و دۆخیان باشە."
لە 28ی شوباتەوە بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە رووی گەشتەکاندا داخراوە، سعودیەش یەکێکە لەو وڵاتانەی کەوتۆتە بەر ئامانج و هێرشەکانی ئێران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ