کچێکی 13 ساڵان لە هەولێر سێ رۆژە لەماڵ چووەتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە

09-04-2022
ئازاد پیرچاوشی
ئازاد پیرچاوشی @AzadRamadhan
وێنەی کچەکە
وێنەی کچەکە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کچێکی تەمەن 13 ساڵی دانیشتووی گەڕەکی ئیسکان لە هەولێر، سێ رۆژە لەماڵ چووەتە دەرەوە و تاوەکو ئێستا نەگەڕاوەتەوە، دایکی کچەکە دەڵێت، "گومانمان لە کوڕێک هەیە و سکاڵامان لەسەری تۆمار کردووە."
 
فرمێسک فەرهەنگ، شەوی پێنجشەممە 07-04-2022 کاژێر 09:00 لەماڵ چووەتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە. بێریڤان عەبدولڕەحمان، دایکی فرمێسک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کچەکەم چوو چپس بۆ خوشکە بچووکەکەی بکڕێت، بەڵام نەگەڕایەوە، ئەوە سێ رۆژە بێسەروشوێنە و هیچ هەواڵێکی لەبارەوە نازانین."
 
بەگوتەی دایکی فرمێسک، دراوسێکان بینیویانە کە دوو کەس کچەکەیان کردووەتە نێو تەکسییەک و رفاندوویانە. هەروەها گوتیشی، "کوڕێک چەند جارێک بە سناپچات قسەی لەگەڵ كچەکەم کردووە و داوای لێکردووە لەگەڵی بچێتە دەرەوە، بۆیە ئێمە گومانمان تەنیا لەو کوڕە هەیە و سکاڵاشمان لەسەری تۆمارکردووە."
 
فرمێسک پۆلی چواری سەرەتاییە و بەگوتەی دایکی، لەوکاتەوەی لەماڵ چووەتە دەرەوە تەلەفۆنەکەی داخراوە.
 
فەرهەنگ مستەفا، باوکی فرمێسک بە رووداوی گوت، لەو کاتەی کچەکەی لەماڵ چووەتە دەرەوە، ئەو لەماڵ نەبووە و چووەتە لای نەخۆشێک، دەشڵێت، "هاوژینەکەم تەلەفۆنی بۆ کردم و گوتی وەرەوە كچەکەمان دیار نەماوە."
 
باوکی فرمێسک باس لەوەش دەکات، ئەو پێشمەرگەیە و لەگەڵ ئەوەشدا چایچییە لە بازاڕی لەنگە و بەوشێوەیە بژێوی منداڵەکانی دابینکردووە، هەروەها دەڵێت، "هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ کەس نەبووە و هەموو شتێکم کردووە بۆ ئەوەی منداڵەکانم پارێزراوبن و هەموو شتێکم بۆ دابینکردوون."
 
ئەو کەسەی کە دایک و باوکی فرمێسک گومانیان لێی هەیە کچەکەیانی رفاندبێت، بە تەلەفۆن قسەیان لەگەڵ کردووە و پێیانگوتووە کچەکەیان بۆ بگەڕێنێتەوە، بەڵام ئەو رەتیکردووەتەوە کە کچەکەی رفاندبێت و بە گوتەی دایک و باوکی، کوڕەکە "هەڕەشەشی لێکردوون."
 
بێریڤان عەبدولڕەحمان ئاماژە بەوەش دەکات، وێنەی کچەکەیان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردووەتەوە و داوایانکردووە هەر کەسێک زانیاری لەبارەوە هەبێت ئاگاداریان بکاتەوە.
 
لەسەر ئەو رووداوە تاوەکو ئێستا پۆلیس هیچ روونکردنەوەیەکی نەداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە