رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 40 ملیۆن دۆنم لە خاکی عێراق بەبیابان بووە، 2.5 ملیۆن دۆنمیش لە هەرێمى کوردستان مەترسى بەبیابانبوونى لەسەرە. هەروەها زیاتر لە دوو ملیار مەتر دووجا زەوى عێراق لە مین و پاشماوەى جەنگ پاک نەکراونەتەوە.
ئەو ئامارانە بەشێک بوون لە راپۆرتى ساڵانەى ژینگەیی تایبەت بە کەرتى کشوکاڵى عێراق و هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى 2024 کە لەلایەن دەستەى گشتىی ئامارى عێراقەوە ئامادە کراوە.
13.5 ملیۆن دۆنم شیاوى چاندنن
بەگوێرەی راپۆرتەکە 13.5 ملیۆن دۆنم زەوی لە عێراق بۆ کشتوکاڵ شیاوە، بەڵام لە پلانی کشتوکاڵیی ساڵی 2024دا، 11.9 ملیۆن دۆنمی چێنراوە کە 56.3%ی ئەو رووبەرە لە سنووری پارێزگای نەینەوا بووە.
1.5 ملیۆن دۆنم زەویی کشتوکاڵی بە رووبار ئاو دەدرێت، 3.8 ملیۆن دۆنمی دیکە بە ئاوی بیر ئاو دەدرێت، 6.7 ملیۆن دۆنم زەویش دێمین و پشت بە باران دەبەستن کە 55.8%ی زەوی چێنراو بووە بۆ ساڵی 2024.
لەم ئامارەدا، رووبەری زەوی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان کە شیاوە بۆ کشتوکاڵ، بەتایبەت چاندنی گەنم، بە 494 هەزار و 100 دۆنم هەژمار کراوە، هەولێر لە ریزبەندی یەکەمدایە لە رووی زۆرترین رووبەر، کە 290 هەزار و 900 دۆنمە.
لە کۆی زەویی نێو پلانی کشتوکاڵی بۆ چاندنی ساڵی 2024، رووبەری ئەو زەوییانەی بە شێوازی نوێی ئاودان ئاو دراون، چوار ملیۆن دۆنم بووە.
96 ملیۆن دۆنم مەترسی لەسەرە
راپۆرتەکەى دەستەى گشتیى ئامارى عێراق دەریخستووە، کە 40.4 ملیۆن دۆنم زەوی بە بیابان بووە کە 23.2%ی رووبەری عێراقە، 96.5 ملیۆن دۆنم هەڕەشەی بەبیابانبوونی لەسەرە.
لەو بارەیەوە لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق زۆترین رووبەری زەوی بە بیابانبوو لە ئەنبارە، کە 10 ملیۆن و 539 هەزار و 400 دۆنمە.
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان زۆرترین زەوی بە بیابان بوو لە پارێزگای سلێمانییە، کە 586 هەزار و 700 دۆنمە، بڕی ئەو زەوییانەی لە هەرێمی کوردستان هەڕەشەی بەبیابانبوونیان لەسەرە گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 563 هەزار و 536 دۆنم.
دوو ملیۆن و 382 هەزار و 841 دۆنم زەوی لە عێراق دارستانن بە سرووشتى و دەستکردەوە، لەکاتێکدا رووبەری دارستان لە هەرێمی کوردستان دوو ملیۆن و 225 هەزار و 437 دۆنمە، کە زۆرترین رووبەر لە سنووری دهۆکە و یەک ملیۆن و 40 هەزار و 908 دۆنمە.
لە کۆی رووبەری عێراق، دوو ملیار و 89 ملیۆن و 589 هەزار و 337 مەتری دووجا زەوی بە مین و تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگ پاکنەکراوەتەوە، کە بە رووبەری مەترسیدار ناوبراوە، زۆرترین رووبەری ئەو زەوییانە لە بەسرە بووە کە 963 ملیۆن و 209 هەزار و 825 مەتر دووجا بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ