رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، داوای ئازادکردنی ژمارەیەک کەس دەکەن کە لە چاکسازییەکاندان.
رۆژی سێشەممە 9-4-2024 ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ژمارەیەک لە زیندانییەکان نەخۆشی مەترسیدارییان هەیە، وەک نەخۆشی شێرپەنجە و ئەوانیش وەک بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاکسازییەکان پێشنیازیان بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کردووە لێبووردنێکی تایبەت بۆ ئەو کەسانە دەربکات.
ئیحسان عەبدولڕەحمان گوتی، لیستێک لە ناوی ئەو کەسانەیان ئامادە کردووە کە نزیکەی 300 کەسی تێدایە و بەرزیان کردووەتەوە، ئەوەش بە ئامانجی ئەوەی بەر لێبووردنەکە بکەون.
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، لیژنەیەک بۆ ئەو مەبەستە پێکهێندراوە کە خۆی تێیدا ئەندامە و بڕیارە دوای جەژن کۆببنەوە؛ گوتیشی، "کەیسی ئەوانەی نەخۆشی مەترسیداریان هەیە رەوانەی لیژنەی پزیشکی دەکرێت؛ مەرج نییە هەموویان بەر ئەو لێبووردنە بکەون، چونکە دەبێت لیژنەی پشکنین بڕیار بدات".
وەک ئیحسان عەبدولڕەحمان دەڵێت، "بۆردێکی پزیشکی لە وەزارەتی تەندروستی هەیە کە لە 17 پزیشک هاتووە. ئەو بۆردە پشکنین بۆ ئەو زیندانیانە دەکات و بڕیار لە کەیسی نەخۆشییەکان دەدات".
لەبارەی کاتی دەرکردنی لێبووردنەکە، ئیحسان عەبدولڕەحمان گوتی، دەرکردنی لێبووردنی تایبەت بۆ ئەم جەژنە نابێت و دەکەوێتە پێش جەژنی قوربان.
سەبارەت بە هەبوونی لێبووردنی گشتی، ئیحسان عەبدولڕەحمان گوتی، "پێشتر بۆ لێبووردنی گشتی دوو پرۆژە هەبوون. پرۆژەیەک حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی کرد و پرۆژەیەکی دیکە ژمارەیەک پەرلەمانتار، بەڵام بەهۆی پەککەوتنی پەرلەمانی کوردستانەوە ئەو بابەتەش پەکیکەوت".
ئێستا لە زیندانییەکانی هەرێمی کوردستاندا پێنج هەزار و 279 زیندانی هەن.
لە ساڵی 2023دا حەوت هەزار و 378 سزادراو براونەتە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان و شەش هەزار و 529 کەسیش لەو چاکسازییانەدا ئازادکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ