مەلا بەختیار: سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران مێژوویی بوو

09-05-2024
پەیمان محەممەد
یوێنەی مەلا بەختیار و کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و عەلی خامنەی
یوێنەی مەلا بەختیار و کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و عەلی خامنەی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران بە ''مێژوویی'' دەزانێت و دەڵێت: ''لە سەردانەکەدا قسەی باش کراوە و گەشبینییەک هەیە.''
 
رۆژی پێنجشەممە، 09-05-2024 مەلا بەختیار، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەشتەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی پلاتفۆرمی دابڕان گوتارێکی پێشکێشکرد و لەبارەی گەشەکردنی دیموکراسییەوە رایگەیاند: ''پەیوەندیی نێوان دیموکراسی و رۆشنگەری، ستراتیژە و تاکتیک نییە، پڕۆسەیەکی مێژوویی درێژخایەنە کە یان پێکەوە دێنە دی، یان هیچیان سەرناکەون.''
 
مەلا بەختیار گوتی، دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان تەنیا بە لایەنی دەسەڵات دەستەبەر ناکرێت: ''بەڵکو دەبێ هەموومان بانگەواز بکەین بۆ دیموکراسی، خەبات بکەین بۆ رۆشنگەری و کۆمەڵی مەدەنی، هەر بەوە دەتوانین سەنگەرەکانی خۆمان پتەوتر بکەین.''
 
 
''سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان مێژوویی بوو''
 
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 05-05-2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بانگهێشتێکی فەرمی گەیشتە تاران و رۆژی دواتر لەگەڵ عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆمار و بەرپرسانی باڵای وڵاتەکە کۆبووەوە. 
 
ئەو ئەندامەی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی گوتی: ''سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران، سەردانێکی مێژوویی بوو، بەستەڵەکەکانی تواندەوە و بەپێی ئاخاوتنەکان، لە رووی سیاسییەوە قسەی باش کراوە و گەشبینییەک هەیە.''
 
مەلا بەختیار دەڵێت، پێشتر کێشەی زۆر لە نێوان هەولێر و تاران دەبینرا کە مەترسیی ''فرەرەهەند''ـی هەرێمی کوردستان پێکهێنابوو. ''144 جار هەولێر [لەلایەن ئێران و هێزە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتەوە] بۆردوومان کراوە، مووشەکی لێدراوە کە ئەمە مووشەکێکە بۆ هەموو کوردێک.''
 
ئەو ئەندامەی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی ئاماژەی بەوەدا، قسەیەکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرنجی راکێشاوە، کە گوتی، 'ئیرادەیەکی باش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە تاران هەیە' مەلا بەختیار دەڵێت: "ئەم قسەیەم زۆر بە جوانی وەرگرت و باشیشم لێکدایەوە، هۆکارەکەی کۆمەڵێک شتە.''
 
مەلا بەختیار هۆکاری پێشوازییە گەرمەکەی بەرپرسانی ئێران لە نێچیرڤان بارزانی بەو شێوەیە لێکدەداتەوە: ''یەکێک لە هۆکارەکان ئەوە بوو کە سەلمێندرا هەرێمی کوردستان بێ پشتیوان نییە لە دونیا و ناگەڕێتەوە بۆ چوارگۆشەی رەشی ساڵانی 1960 و 1970 و بە ئاسانی لە نێونابرێت؛ ئەم ئەزموونە بووەتە بەشێک لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و بازاڕی کوردستانیش بووەتە بەشێک لە بەرژەوەندیی ستراتیژیی ئابووریی هەرێمی و نێودەوڵەتی.''
 
بەر لە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، سەردانی بەغدا و هەولێری کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستانیش کۆبووەوە، مەلا بەختیار پێیوایە: ''هەم ئێران و هەم تورکیا دوو وڵاتی زۆر گرنگی ناوچەکەن؛ بە هەردووکیان خەریکە ئاستی بازرگانیان لەگەڵ عێراق و کوردستان دەگاتە ساڵانە 50 ملیار دۆلار.''
 
مەلا بەختیار جەختی لەوە کردەوە، ''دەوڵەتانی دونیا هەمووی چاویان لە نەوت و گازی هەرێمی کوردستانە، هیچ بە دووری مەزانن چەند ساڵی دیکە گازی کوردستان کاریگەری لە بازاڕی گاز لە دونیا بکات، بە گازی قەتەر و مۆسکۆشەوە؛ چونکە باشترین کوالێتیی گاز لە دونیا لە چەمچەماڵە و بە ئاسانیش دەگاتە ئەورووپا.''
 
''کوردستان لە ستراتیژیی داهاتووی گاز و ئاودا رۆڵی دەبێت''
 
مەلا بەختیار دەڵێت، دوو دەیەی داهاتوو دەیەی ململانێ لەسەر گاز و ئاو دەبێت: ''بۆ چارەسەری هەر دوو کێشەکەش ئەگەر ستراتیژییەکی نوێ دابنرێت، کوردستان تێیدا دەوری هەیە.''
 
وەک ئەو ئەندامەی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی دەڵێت، ئەگەر بە هاوئاهەنگیی حکومەتی عێراق پڕۆژەیەکی ئاوی لە هەرێمی کوردستان دابنرێت، 40٪ـی کێشەی ئاوی عێراق و هەرێمی کورستان لەو رێگەیەوە چارەسەر دەکرێت و ئەوەی دیکەش گرێدراوەتەوە بە تورکیا.
 
مەلا بەختیار لەبارەی گازی یەدەگی چەمچەماڵ گوتی، ''200 تریلیۆن [پێ سێجا] یەدەگی گازی هەیە کە وەکو کوالێتیش بێهاوتایە لە دونیا.''
 
''شەڕی غەززە بەرەو کۆتایی دەڕوات''
 
بەرەبەیانیی حەوتی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس بەناوی ئۆپەراسیۆنی"تۆفانی ئەقسا" هێرشیانکردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی ئیسرائیل و فێستیڤاڵێکی میوزیکی. بە گوێرەی حکومەتی ئیسرائیل، حەماس ئەو رۆژە 250 کەسی بە بارمتە گرت و زیاتر لە هەزار و 140 کەسی ئیسرائیلی و بیانی کوشت. 24 کاژێر دواتر ئیسرائیل بە ئۆپەراسیۆنی "شمشێری پۆڵایین" وەڵامی حەماسی دایەوە و بەڵێنیاندا "لەناویان ببەن". لەو کاتەوە شەڕ لە کەرتی غەززە بەردەوامە و بە گشتی نزیکەی 40 هەزار کوژراوی لێکەوتووەتەوە.
 
ئەو ئەندامەی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی پێیوایە: ''شەڕی غەززە دوو مانگ یان سێ مانگی دیکەش بخایێنێت بەرەو کۆتایی دەڕوات، بەڵام دوای شەڕەکە هاوکێشەکانی نێودەوڵەتی و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگۆڕدرێن.''
 
بەگوتەی مەلا بەختیار، دوای شەڕی غەززە، شەڕی سارد و گەرمی دەوڵەتانی هەرێمی لەگەڵ ئەورووپا و ئەمریکا نامێنێت: ''لەو حاڵەتەشدا هەم عێراق لە پێگەیەکی گرنگە هەم هەرێمی کوردستان، بۆیە ئێمە لە دەستپێکی گۆڕانکارییەکداین لە ئاستی هەرێمی، نێودەوڵەتی، نێوخۆیی عێراق و هەرێمی کوردستان کە هەندێک بابەتی لە قازانجی ئێمە دەبێت و ئێران ئەوەی خوێندووەتەوە، بۆیە گرنگییەکی زیاتر بە هەرێمی کوردستان دەدات.''
 
ئەو ئەندامەی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی باس لەوە دەکات، بە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، بەشی زۆری هاوکێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تاران چارەسەر کران: ''بەڵام لە رووی دڵنیایی و وردەکارییەوە دەمێنێتەوە سەر ئەو رێککەوتنانەی لەمەودوا دێنە ئاراوە کە من دڵنیام بەشێک لە رێککەوتنەکان دڵنیاییەکی زیاتر بە هەموومان دەدەن.''
 
مەلا بەختیار ئەوەشی خستەڕوو، باشتربوونی پەیوەندییەکان لەگەڵ تاران، کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر دەبێت، ''کێشەی مووچە، بودجە، نەوت و گاز دەهێنرێنە نێو ئەجێنداکانەوە و بێگومان چارەسەریان بۆ دەدۆزرێتەوە.''
 
''دەبێ هەوڵی نووسینی دەستوور بدرێت''
 
مەلا بەختیار باسی لە ناکۆکیی سیاسیی نێوان لایەنە کوردستانییەکان کرد و گوتی: ''ئەو ململانێیەی لە نێوان حیزبەکاندا هەیە، هەمووی بە زیانی کورد بووە، هەمووی زیانی دیموکراسی تێدا بووە، ئێستا هەرێمی کوردستان بە دیفاکتۆ دوو هەرێمە، هێزی پێشمەرگە یەکی نەگرتووەتەوە، هەستیاری و بێ متمانەییەکی سەیر لە نێوان هێزە سیاسییەکاندا دەبینرێت''.
 
ئاماژەی بەوە کرد، دوای 33 ساڵ لە دامەزراندنی حکومەت، بەهۆی ناکۆکییەکانەوە نەتوانراوە دەستوور بۆ هەرێمی کوردستان دابنرێت: ''بۆیە دادگەی فیدراڵی مانگانە بڕیارمان لەسەر دەدات و رێککەوتنەکانی هەولێر و بەغداش لە رووی سیاسی، یاسایی و ئابوورییەوە تائێستا هەڵپەسێردراون و چارەسەر نەکراون.''
 
مەلا بەختیار هیوادارە ئەو هەلومەرجە بابەتییە کە خۆی هاتووەتە پێشەوە، هیچ لایەنێک بە دژی خۆی نەزانێت، بەڵکو هەموو لایەک بیقۆزێتەوە بۆ ئەوەی کێشەی نێوان هێزە کوردستانییەکان چارەسەر بکرێن و بەپەلە و بە گەرمی کار بۆ نووسینی دەستوور بکەن، ئەوکات لەگەڵ بەغداش دەرگە دەکرێتەوە و گفتوگۆی باشتر دەکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە