لاهوور شێخ جەنگی: هەڵبژاردن لۆ مارێ

09-05-2024
پەیمان محەممەد
لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی تیمی بانگەشەی هەڵبژاردنی لیستی بەرەی گەل.
لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی تیمی بانگەشەی هەڵبژاردنی لیستی بەرەی گەل.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی تیمی بانگەشەی هەڵبژاردنی لیستی بەرەی گەل دەڵێت، پارتی و یەکێتی بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رێککەوتوون؛ لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیشەوە بۆ تاران دەڵێت: ''دانوستاندن باشترین رێگەیە بۆ چارەسەری کێشەکان.''
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 09-05-2024، لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی تیمی بانگەشەی هەڵبژاردنی لیستی بەرەی گەل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە سلێمانی رایگەیاند، ''رێککەوتنی ژێربەژێر لە نێوان پارتی و یەکێتی هەبوو بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام بەداخەوە یەکێتی دەیویست چەواشەی خەڵک بکات کە گوایە ئەوان سوورن لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا.''
 
10ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە، بەڵام پارتی تێبینیی لەسەر شێوازی هەڵبژاردنەکە هەیە و رایگەیاندووە بەبێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییەکانیان بەشداریی ناکەن، یەکێتیش پێداگری لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا دەکات.
 
لاهوور شێخ جەنگی بەبێ ئەوەی وردەکاری بخاتەڕوو گوتی: ''بۆ دواخرانی پڕۆسەکە [لە لایەن یەکێتی و پارتییەوە] هەم لەگەڵ بەغدا و هەم لەگەڵ وڵاتانی هەرێمیش رێککەوتن کراوە.''
 
رۆژی سێشەممە، 7ـی ئایاری 2024، دادگەی باڵای فیدراڵی داوای راگرتنی رێکارەکانی جێبەجێکردنی بڕگەی دووەمی مادەی 2ـی سیستمی تۆمارکردنی بەربژێران و پەسندکردنیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 7ـی ساڵی 2024ـی دا، ئەمەش دوای ئەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو داوایەی لە سکاڵایەکدا کردبوو.
 
دادگەی فیدراڵی لە نێوەڕۆکی بڕیارەکەیدا داوا لە کۆمیسیۆن دەکات تاوەکو یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جێبەجێکردنی ئەو بڕگەیە رابگرێت. دوای بڕیارەکەی دادگە، کۆمیسیۆن کارەکانی راگرت. لاهوور شێخ جەنگی گوتی: ''دیارە لە کۆتاییدا دەبێ هەموومان ملکەچی بڕیاری دادگەی فیدراڵی بین.''
 
سەرۆکی تیمی بانگەشەی هەڵبژاردنی لیستی بەرەی گەل گوتیشی: ''هەڵبژاردن لۆ مارێ، هەر ئەوەندەی دەڵێم. دەبوایە ئەوان (یەکێتی) خەڵک چەواشە نەکەن، چونکە من ئاگادار بووم بەشێک لە یەکێتی بە تایبەتی کاک قوباد رێککەوتنی لەگەڵ برایانی پارتی کردووە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن.''
 
بەرپرسانی یەکێتی، بە تایبەتی سەرۆکی یەکێتی لە چەندین  بۆنە و لێدوانی رۆژنامەوانی بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا دەکرێت. 
 
لاهوور شێخ جەنگی گوتی: ''ئەگەر کاک بافڵ ئاگاداری ئەو رێککەوتنە نییە، ئەمە عەیبەیەکی گەورەیە، ئەگەر ئاگاداریش بێت، ئەوە خەڵکیان چەواشە کردووە کە ئەمەش عەیبەیەکی دیکەیە.''
 
سەرۆکی تیمی بانگەشەی هەڵبژاردنی لیستی بەرەی گەل دەڵێت، یەکێتی و پارتی ''وەهم"ـێکیان دروستکردووە کە بەبێ ئەوان هەرێمی کوردستان وێران دەبێت، بۆیە داوا لە هەموو ئەو هێز و لایەنە سیاسییانە دەکە، کە  بە گوتەی خۆی نەچوونەتە ژێر رکێفی پارتی و یەکێتی: "ئێستا کاتی ئەوەیە لە ژێر چەترێک رووبەڕووی هەموو ئەو نادادپەروەرییانە ببینەوە.''
 
لاهوور شێخ جەنگی پێیوایە هەڵبژاردن بەبێ پارتی و یەکێتی ناکرێت و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە ''بەداخەوە دەستیان بەسەر دەسەڵات، هێزی سەربازی و موڵک و ماڵدا گرتووە، کارێکی وایان کردووە کە دیموکراسی پاشەکشە بکات.''
 
دوای یەکجار درێژکردنەوە، تەمەنی کاری یاسایی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق مانگی حەوتی ئەم ساڵ کۆتایی دێت، ئەمەش گرفت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دروست دەکات. سەرۆکی تیمی بانگەشەی هەڵبژاردنی لیستی بەرەی گەل دەڵێت: ''بە قورسی دەزانم جارێکی دیکە پەرلەمان کۆببێتەوە و دووبارە دەنگ لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمیسیۆن بدات.'' 
 
''دانوستاندن باشترین رێگەی چارەسەری کێشەکانە''
 
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 05-05-2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بانگهێشتێکی فەرمی گەیشتە تاران و رۆژی دواتر لەگەڵ عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆمار و بەرپرسانی باڵای وڵاتەکە کۆبووەوە و لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات هەڵدرایەوە.
 
لاهوور شێخ جەنگی لەوبارەوە گوتی: ''هیواخوازین هەمووکات کێشەکان لە رێگەی دانوستاندنەوە چارەسەر بکرێن و ئەمە باشترین رێگەیە.''
 
سەرۆکی تیمی بانگەشەی هەڵبژاردنی لیستی بەرەی گەل ئێران و تورکیا بە دوو وڵاتی گرنگی ناوچەکە دەزانێت و دەڵێت: ''پێموایە دەبێ ئەو کێشانەی هەندێکجار بەهۆی بوونی ئۆپۆزیسیۆنەکانی کوردی [ئێران و تورکیا] رووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبنەوە، بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، چونکە ئێمە مووشەکمان نییە پێیانەوە بنێین، هەر خۆمان زەرەرمەند دەبین.''
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە