لە ورمێ سێ بەندکراوی کورد لەسێدارە دران

09-05-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سێ بەندکراوی کورد کە خەڵکی شارەکانی ورمێ و پیرانشار بوون، لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارە دران.
 
بەپێی زانیارییەکان، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ی ئایاری 2024، سێ بەندکراوی کورد بە ناوەکانی حەسەن چووپانی، خەڵکی گوندی 'شەهرەستین'ی سەر بە شاری پیرانشار، حەسەن عەرەبی، خەڵکی گوندی 'ئەنبێ' ناوچەی تەرگەوەر و عەبدوڵڵا حەسەن زادە خەڵکی گوندی 'یەنگجە'ی ناوچەی سۆمای ورمێ، لە گرتووخانەی ناوەندیی شارەی ورمێ کە وەک زیندانی دەریا دەناسرێت، لەسێدارە دران.
 
ئەو سێ بەندکراوە کوردە، پێشتر بە تۆمەتی "قاچاخچیێتی و بازرگانیی بە مادەی هۆشبەر" لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کران، دواتر لەلایەن دادگەی شۆڕشی ئەو شارەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرکرا.
 
رۆژی سێشەممە، 7ی ئایار رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویانکردەوە، سێ بەندکراوی کورد لە گرتووخانەی ورمێ کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە، گوێزراونەتەوە ژووری تاکەکەسی و مەترسیی لەسێدارەدانیان هەیە.
 
رۆژی سێشەممە، 7ی ئایاری 2024، بەندکراوێکی دیکەی کورد بە ناوی حەسەن موحەرێر و خەڵکی گوندی 'لورنێ'ی سەر بە ناوچەی تەرگەوەری شاری ورمێ، بە تۆمەتی "قاچاخچیێتی و بازرگانیی بە مادەی هۆشبەر" لە سێدارە درابوو.
 
ئێران لە ریزی پێشەوەی ئەو وڵاتانەوەیە کە زۆرترین سزای لەسێدارەدانی تێدا جێبەجێ دەکرێت. 
 
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران دەڵێت، لە چوار مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا 171 کەس لە ئێران بە تۆمەتی جیاوازی پەیوەندیدار بە سیاسەت، مادەی هۆشبەر و کوشتنی بە ئەنقەست لەسێدارە دراون. 
 
رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مافی مرۆڤ لە راپۆرتێکدا دەڵێت، ساڵی رابردوو 823 بەندکراو لە زیندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارە دراون، کە 151 کەسیان کوردن. 
 
بەگوێرەی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ)، لە دوای چین، ئێران ساڵانە زۆرترین کەسی تێدا لەسێدارە دەدرێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە