مامۆستایەکی ئایینی کورد لە سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کرا

09-05-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

مامۆستا عەبدوڵڵا بەرزگەر، مامۆستای ئایینی کورد و پێشنوێژخوێنی گوندی کونەمشکێی سەر بە شاری سەردەشت لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.
 
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویانکردەوە، مامۆستا عەبدوڵڵا بەرزگەر، پێشنوێژخوێنی گوندی کونەمشکێی سەردەشت بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، 6ی ئایاری 2024، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتی شاری سەردەشتەوە دەستبەسەر کراوە.
 
بەپێی زانیارییەکان، ‌هێزەکانی ئیتڵاعات کاژێر 03:00ی بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە بە چەند ئۆتۆمبێلێک چوونەتە سەر ماڵی ئەو مامۆستا ئایینییە کوردە لە شاری سەردەشت و دەستگیریان کردووە.
 
هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەروەها ماڵی ئەو مامۆستایە ئایینیەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر هەندێک کەلوپەلی تایبەتیدا گرتووە.
 
تائێستا بەفەرمی هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو مامۆستا ئایینییە کوردە و تۆمەتەکانی نەزانراوە، لایەنە فەرمییەکانی دەسەڵاتی دادی پارێزگای ورمێش سەبارەت بە دەستگیرکردنی مامۆستایەکە، هیچ لێدوان و روونکردنەوەیەکیان نەداوە.
 
رۆژی 01-05-2024، مامۆستا حوسێن عەلیمرادی، پێشنوێژخوێنی مزگەوتی ئیبراهیم لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان بە بڕیاری دادگەی تایبەتی مامۆستایانی ئایینی لە هەمەدان، بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و بانگەشەکردن دژی دەسەڵات، دەستبەسەر کرا.
 
حوسێن عەلیمرادی لەو مامۆستا ئایینییانەی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە لە خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2022دا پاڵپشتییان لە خەڵکی ناڕازی کرد و دژی سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکان ناڕەزایەتییان دەربڕی.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە