بەرپرسێکی ئەمریکی: هەرێمی کوردستان هاوپەیمان و هاوبەشی 360 پلەی ئەمریکایە

09-05-2024
کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و ئەزرا زییا، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئاسایشی سڤیل، دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ.
کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و ئەزرا زییا، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئاسایشی سڤیل، دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەردانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیان کرد و رایانگەیاند، هەرێمی کوردستان "هاوپەیمان و هاوبەشێکی ستراتیژی 360 پلەی ئەمریکایە لە عێراق و ناوچەکەدا."
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ـی ئایار، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەزرا زییا، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئاسایشی سڤیل، دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ کرد.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق ئامادەی بوو، "برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و پێکهاتەکان و پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و ئازاديی ئایینی و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال تاوتوێ کرا."
 
بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، "خۆشحاڵيی خۆی بە سەردانکردنی هەرێمی کوردستان نیشان دا و جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان، هاوپەیمان و هاوبەشێکی ستراتیژی 360 پلەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە لە عێراق و ناوچەکەدا."
 
 هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەردەوامبوونی هاوئاهەنگی و کارکردن لەپێناو برەودان بە بەها هاوبەشەکانی دیموکراسی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازاديی بیروڕا و راگەیاندن و ئازاديی کارکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی.
 
مەسرور بارزانی سوپاسی پشتیوانی و هاریکاریی بەردەوامی ئەمریکای کرد و پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە چەسپاندن و بەهێزکردنی بنەما دیموکراسییەکان و پاراستنی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ بەگشتی دووپات کردەوە.
 
هاوکات، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر "ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە زووترین کات" و پاراستنی مافەکانی پێکهاتەکانی کوردستان و چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشە و ئاستەنگانەی لەبەردەم پرۆسەی هەڵبژاردنن.
 
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، جەخت کردنەوە بوو لەسەر "جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی میلیشیا و گرووپە نایاساییەکان و زەوینە خۆشکردن بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی دەڤەرەکە و ئاوەدانکردنەوەی شنگال و گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان." 
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

نێچيرڤان بارزانى بۆ گیانلەدەستدانی سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران: لە دڵەوە خەمبارین

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە پەیامێکدا سەرەخۆشیی لە حکومەت و گەلی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد بەهۆی گیانلەدەستدانی سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و شاندی یاوەریان لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەیان.