شاخەوان عەبدوڵڵا: بۆ چارەسەرکردنی پرسی زەویوزار لە کەرکووک پشت بە سەرژمێریی 1957 دەبەسترێت

09-05-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەویوزاری کەرکووک، ئەو خێزانانە دەستنیشان دەکرێن کە ناویان لە سەرژمێریی ساڵی 1957ـی پارێزگاکەدا نییە. گوتیشی: ''پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سیاسییە و دەبێ رێککەوتنی سیاسی لەسەر بکرێت.''

رۆژی چوارشەممە، 08-05-2024، لیژنەی مادەی 140ـی پەرلەمانی عێراق لەبارەی کێشەی زەویوزاری کەرکووک کۆبووەوە. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە هاوکات سەرۆکی لیژنەکەیە، رایگەیاند: ''ئەمڕۆ ئالییەتێکی زۆر باشمان دانا، پێداگریمان کرد لە هەفتەی داهاتوودا دەست بە رێکاری کردەیی بکرێت بۆ ئەوەی وەزارەتی نێوخۆ و نیشتەجێکردن (ئیجارە) دەستنیشانی ئەو خێزانانە بکەن کە ناویان لە سەرژمێریی ساڵی 1957ـی کەرکووکدا نییە.''
 
سەرژمێریی ساڵی 1957 وەکو بنەمایەک بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دیاریکراوە، شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی: ''پێشتر تورکمان گومانی هەبوو لە ژمارەی دانیشتووانی شارەکە و ئێمەش دەمانگوت خەڵکێکی زۆر هاتوون و تەعریبی کەرکووک کراوە؛ بۆیە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆش، سەرژمێریی ساڵی 1957 کرایەوە بنەما.''
 
سەرۆکی لیژنەی مادەی 140 ئاماژەی بەوە کرد، ئەمە کۆبوونەوەیەکی گرنگ بوو و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن. گوتیشی: ''ئێستا لە رێگەی ئەوەی کە کامە خێزان لە ساڵی 1957ـەوە دانیشتووی کەرکووکە دەست بە پاکتاوی تۆماری دەنگدەران دەکرێت.''
 
کێشەی زەویوزار لە کەرکووک کێشەی کورد و تورکمانە کە بڕیاری دروستکردنی کۆدەنگییان داوە لەسەر ئەو پرسە و داوای سەرەکییان هەڵوەشاندنەوەى بڕیارەکانى رژێمی رووخێنراو و قەرەبووى ئەو زەوییانەیە کە لە ناوچە کوردستانییەکان داگیرکراون.
 
 
''کێشەی زەویوزاری پەلکانە چارەسەر دەکرێت''
 
دوێنێ ژمارەیەک عەرەبی هاوردە لە پەلکانەی سنووری کەرکووک دژی جووتیارانی کورد خێوەتیان هەڵدا و دەستیان بە مانگرتن کرد، جووتیارانی کوردیش بۆ رێگریی لەو هەوڵەیان، گردبوونەوە.
  
شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی: ''هەندێک بابەتی هاوشێوەمان لە ناوچەی سەربیر و سنووری پردێ هەبوو و چارەسەر کرا، ئەمەی پەلکانەش قسەم لەگەڵ سەرۆکوەزیران کرد، بەڕێز محەممەداویی [جێگری فەرماندەی گشتیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان] راسپاردووە کە چارەسەری کێشەکە بکات.''
 
گوندی پەلکانە دەکەوێتە رۆژئاوای کەرکووک و سەر بە شارەدێی سەرگەڕانە. لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە، عەرەبی هاوردە هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی زەویی جووتیارانی کورد دەدەن.
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمان پێیوایە، چارەسەرکردنی یەکجاریی کێشەی زەویوزار لە کەرکووک، لە رێگەی هەمواری یاسای زەویوزار و  هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی رژێمی رووخێنراو دەکرێت. هەمواری یاسای زەویوزار کەوتووەتە بواری دەنگدانەوە و مادەیەکیشمان تێپەڕاندووە، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ حکومەت، تێپەڕاندنی مادەکانی دیکەی ماون.''
 
ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و تێیدا خوێندنەوەى دووەم بۆ پڕۆژەیاساى گەڕاندنەوەى ئەو موڵکانە بۆ خاوەنەکانیان دەکات کە چەند بڕیارێکى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى هەڵوەشاوە گرتوونیەتەوە. جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت: ''ئەگەر بڕیارەکانی دەسەڵاتی پێشوو بە تەواوی هەڵبوەشێندرێتەوە، کێشەی جووتیاران بە یەکجاری چارەسەر دەکرێت و بە شێوەی یاسایی زەوییەکانیان بۆ دەگەڕێتەوە.''
 
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
 
دوێنێ چوارشەممە جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت: "دوای بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵی، سێشەممە 7ـی ئایاری 2024، ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاری دا سەرجەم رێکارە تەکنیکی و داراییەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رابگرێت، تاوەکو ئەو سکاڵایە یەکلا دەبێتەوە کە لە دادگەی باڵای فیدراڵی تۆمار کراوە."
 
10ـی حوزەیرانی ئەمساڵ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە، بەڵام پارتی تێبینی لەسەر شێوەی هەڵبژاردنەکە هەیە و رایگەیاندووە بەبێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییەکانیان بەشداریی ناکەن. شاخەوان عەبدوڵڵا کە هاوکات ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستانە دەڵێت: ''ئەو پرسە سیاسییە و هەر کات رێککەوتنی سیاسی لەسەر کرا، ئەنجامدانی ئاسانە.''
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئەوەشی خستەڕوو، یەکێک لەو هەڵانەی کە لە پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کرا، لادانی کورسیی کۆتاکان بوو، ئەو بڕیارەی دادگەی فیدراڵیش بۆ راستکردنەوەی ئەم بابەتە و هەندێک هەڵەی تەکنیکیی کۆمیسیۆنە.
 
رۆژی سێشەممە، 7ـی ئایاری 2024، دادگەی باڵای فیدراڵی داوای راگرتنی رێکارەکانی جێبەجێکردنی بڕگەی دووەمی مادەی 2ـی سیستمی تۆمارکردنی بەربژێران و پەسندکردنیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 7ـی ساڵی 2024ـی دا، ئەمەش دوای ئەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو داوایەی لە سکاڵایەکدا کردبوو.
 
دادگەی فیدراڵی لە نێوەڕۆکی بڕیارەکەیدا داوا لە کۆمیسیۆن دەکات تاوەکو یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جێبەجێکردنی ئەو بڕگەیە رابگرێت.
 
شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت، پێشکێشکردنی لیستی بەربژێرانی پێکهاتەکان و ئەو لایەنانەی بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردووە پێویستی بە کاتە، لەو ماوەیەشدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان گفتوگۆ دەکات، بۆ ئەوەی هەموو لایەنەکان لەسەر وادەیەک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن کۆک بن و بە شێوەیەک بکرێت کە پێکهاتەکان دوور نەخرێنەوە و سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانیش تێیدا بەشدار بن.
 
 
هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
 
لە 14ـی تشرینى دووەمی ساڵى رابردووەوە پۆستى سەرۆکى پەرلەمان چۆڵە، بەهۆى بڕیارێکى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق بۆ لێسەندنەوەى ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمان، کە هاوکات سەرۆکى بوو. 
 
تاوەکو ئێستا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان رێککەوتن نەکراوە، ئەوە لەکاتێکدایە دەبوایە 7ـی ئایار پشووی وەرزى یەکى پەرلەمان دەستپێبکات. شاخەوان عەبدوڵڵا لەوبارەوە دەڵێت، لە دوایین کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، یەک هەفتە مۆڵەت دراوە بە سەرۆکی حیزبی تەقەدووم بۆ ئەوەی چارەسەری دۆخەکە بکات. 
 
18ـی مانگی رابردوو شەعلان کرەیم، بەربژێرى پارتى تەقەدوومى سوننە لە بەربژێربوون بۆ سەرۆکی پەرلەمان کشایەوە، دوای ئەوەی زیاتر لە سێ سکاڵای لەسەر تۆمارکرا و تۆمەتی بەعسیبوونی درابووە پاڵ، لە دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی تێیدا پەسنی سەدام حوسێن دەکات.
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی: ''تائێستا هیچ بڕیارێک نییە بۆ هەموارکردنەوەی ئەو مادەیەی کە تایبەتە بە دەرفەتدان بۆ سەرلەنوێ بەربژێرکردنەوە. چاوەڕێی ئەوە دەکەین کە دیسان رێککەوتنێکی سیاسی بکرێت و لە دانیشتنێکی تایبەتدا سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرێت.''

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەنجێک لە عەلوەی سلێمانی خەریکی کارکردنە

عەلوەی سلێمانی: بەهۆی گرانیی کارەباوە رۆژانە 3 بۆ 4 تۆن سەوزە و میوە فڕێ دەدەین

بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی دەڵێت، بەهۆی گرانیی نرخی کارەباوە ناتوانن ساردکەرەوەکان کارپێبکەن، بەو هۆیەشەوە رۆژانە سێ بۆ چوار تۆن سەوزە و میوەیان خراپ دەبێت و فڕێی دەدەن