وەزارەتی پێشمەرگە: بڕیاری لێخۆشبوونی گومرگی بۆ کەرستە سەربازییەکان دەستکەوتێکی گرنگە بۆ پێشمەرگە

09-05-2024
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، ئەو بڕیارەی لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لەبارەی لێخۆشبوونی گومرگی بۆ کەرەستە سەربازییە هاوردەکراوەکانی پێشمەرگە دەرکرا "دەسکەوتێکی گرنگە" بۆ پێشمەرگە.
 
چوارشەممە، 08-05-2024، ئەنجوومەنی وزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا رەزامەندیی درا بە لێخۆشبوونى پێشمەرگە لە گومرگى تایبەت بە پێداویستییە سەربازییەکان، بەو پێیەی پڕچەککردنى لە رێگەى وەزارەتى بەرگریی عێراقە.
 
لێخۆشبوونەکەى گومرگ بۆ پێشمەرگە بە هاوشێوەى وەزارەتى بەرگرى، ناوخۆى عێراق و دەزگاى بنبڕکردنى تیرۆر دەبێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 09-05-2024، وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، لەو کۆبوونەوەیەدا "کۆمەڵێک بڕیار و راسپاردە دەرکران لەوانە، لێخۆشبوونی گومرگی بوو لەو کەرەستە سەربازییانەی کە وەزارەتی پێشمەرگە دەتوانێت هاوردەیان بکات لەچوارچێوەی پڕچەککردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان."
 
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاندووە: "ئەو بڕیارە دەبێتە دەسکەوتێکی گرنگ بۆ مێژوی هێزی پێشمەرگە و وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێمی کوردستان."
 
فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگه بەشداریی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کردووە.
 
وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: "دوای بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق، هاوکات بەشداربوونی سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق و پاڵپشتیی راستەوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تێگەیشتنی زۆری بەڕێز محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، هۆکاری سەرەکیی بوون بۆ دەرکردنی ئەم بڕیارە."
 
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى لیوا یەحیا رەسول، گوتەبێژى فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانی عێراق، پڕچەککردنى پێشمەرگە لە رێگەى وەزارەتى بەرگریی حکومەتى فیدراڵى دەبێت، بۆیە بڕیاردراوە پێشمەرگە لە گومرگی کڕینی پێداویستیی سەربازی ببەخشرێت.
 
لەو کۆبوونەوەیەدا ستراتیژى ئاسایشى نیشتیمانیی 2024 بۆ 2028 پەسند کرا و ئاراستەى ئەنجوومەنى وەزیران دەکرێت بۆ ئەوەى رەزامەندیی لەسەر بدرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەنجێک لە عەلوەی سلێمانی خەریکی کارکردنە

عەلوەی سلێمانی: بەهۆی گرانیی کارەباوە رۆژانە 3 بۆ 4 تۆن سەوزە و میوە فڕێ دەدەین

بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی دەڵێت، بەهۆی گرانیی نرخی کارەباوە ناتوانن ساردکەرەوەکان کارپێبکەن، بەو هۆیەشەوە رۆژانە سێ بۆ چوار تۆن سەوزە و میوەیان خراپ دەبێت و فڕێی دەدەن