لە نێوەڕاستى ئەم مانگەوە وەرگرتنى گەنم لە کەرکووک دەستپێدەکات

09-05-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لیژنەیەکى هاوبەشى پارێزگا و کشتوکاڵى کەرکووک بۆ دیاریکردنى وادەى وەرگرتنى گەنمى ئەو پارێزگایە کۆدەبنەوە، پێشبینیدەکرێت لە نێوەڕاستى ئەم مانگەوە دەست بە وەرگرتنى بکرێت. 
 
زوهێر عەلى، بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "رۆژى 15ـی نیسان لیژنەى هاوبەشى بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ و پارێزگا کۆدەبێتەوە لە بارەى دەستپێکردنى دروێنەوەى گەنم لەو پاێزگایە و رادەستکردنى بە سایلۆکان."
 
بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى کەرکووک پێشبینی دەکات لە نێوان 15 بۆ 20ـی ئایار دەست بە وەرگرتنی گەنم لە سنووری پارێزگاکە بکرێت.
 
ئەمساڵ وەزارەتى بازرگانیى عێراق تۆنێک گەنم بە 850 هەزار دینار لەو جووتیارانە دەکڕێتەوە کە بەشێوەى دێمى یان ئامێرى پرژێنەرى ئاو گەنمیان چاندووە، ئەو گەنمەى بە شێوازى ئاودانى کۆن بەرهەمهێنرابێت هەر تۆنێکى بە 800 هەزار دینار وەردەگیرێت.
 
بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى کەرکووک گوتى: "بە گوێرەى پلانى وەزارەتى کشتوکاڵ 495 هەزار دۆنم زەوی لە چواچێوەى پلانى کشتوکاڵیدایە بۆ ئەمساڵ، جارێ دیار نییە چارەنووسى ئەو گەنمە چی دەبێت کە لە زەوییەکانی دەرەوەى پلانى کشتوکاڵی بەرهەم هاتوون".
 
بۆ ساڵى 2025 پێنج ملیۆن و 100 هەزار دۆنم زەوى لە سەرانسەرى عێراق لە نێو پلانى کشتوکاڵ دان بۆ چاندنى گەنم، ئەمەش نیوەی ئەو رووبەرەیە کە پار رێگەی پێدرابوو.
 
چوار سایلۆ گەنمى جووتیارانى کەرکووک وەردەگرن، پار بڕى ئەو گەنمەى وەرگیرا گەیشتە 600 هەزار تۆن، زوهێر عەلى دەڵێت: "دیار نییە ئەمساڵ چەند گەنم وەردەگیرێت."
  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە