'لە شەقڵاوە ناوەندێکی شیاندنەوەی ئالوودەبووانی مادەی هۆشبەر دروست دەکرێت'

09-05-2025
پەیمان محەممەد
وێنەیەک کە گوزارشت لە ئالوودەبوویەکی هۆشبەر دەکات. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە
وێنەیەک کە گوزارشت لە ئالوودەبوویەکی هۆشبەر دەکات. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ناوەندێکی شیاندنەوە بۆ ئالوودەبووانی مادەی هۆشبەر لە قەزای شەقڵاوە دروست دەکەن. گوتیشی، "نزیکەی 50%ی کارەکانی تەواو بوون و لە داهاتوویەکی نزیکدا، تێیدا دەستبەکار دەبین."
 
ئەمڕۆ هەینی 09-05-2025 د. سەڵاح ئەنوەر، راوێژکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی, کە هاوکات ئەندامی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەکانە، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە زانا کایانی پێشکێشی کرد، رایگەیاند، "لە بەندیخانەکان ناوەندی شیاندنەوەی کاتی بۆ ئالوودەبووانی مادەی هۆشبەر دروستکراون، بۆئەوەی بتوانرێت بهێندرێنەوە نێو کۆمەڵگە و شیاندنەوەیان بۆ بکرێت."
 
بە گوتەی سەڵاح ئەنوەر، خەڵک بۆ ناوەندی شیاندنەوەی ئالوودەبووانی مادەی هۆشبەر لە شەقڵاوە دامەزرێندراون و ئێستا لە راهێناندان، بۆئەوەی بتوانن تێیدا کار بکەن.
 
بەگوێرەی داتاکانی دەزگای ئاسایش بۆ رووداو، ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان 388 تۆمەتبار بە بازرگانیکردن و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون کە 72ـیان بازرگانی نێودەوڵەتی بوون. سەڵاح ئەنوەر ئاماژەی بەوە کرد، "ئێستا بابەتەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە و هێزە ئەمنییەکان لەسەر سنوور، رێگری لە دزەکردنی مادە هۆشبەرەکان دەکەن بۆ نێو خاکی هەرێمی کوردستان."
 
داتاکانی دەزگای ئاسایش ئەوەی خستووەتەڕوو، زۆربەی بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان گەنجن و تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 35 ساڵە. ئەو راوێژکارەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت، "هۆکاری زۆریی تووشبوونی گەنجان، بەردەستبوونی مادەی هۆشبەرە. پێویستە بە هەموو شێوەیەک رێگری لە بازرگانیکردن بە مادەکە بکرێت."
 
سەڵاح ئەنوەر گوتیشی، "زیاتر ئەوانە تووشی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر دەبن کە بێکارن."
 
وەکو سەڵاح ئەنوەر دەڵێت، "تاوەکو ئێستا وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی شیاندنەوەی بۆ ژمارەیەکی زۆر لە ئالوودەبووانی مادەی هۆشبەر کردووە و بە بەڕێوەبردنی چەندین خولی راهێنان و هەلیکار، کاری بۆ رەخساندوون و تێکەڵ بە کۆمەڵگە کراونەتەوە.
 
ئەو راوێژکارەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئەوەشی خستەڕوو، پلانیان هەیە لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ناوەندی شیاندنەوە بۆ ئالوودەبووانی مادەی هۆشبەر بکەنەوە، "بەڵام تاوەکو ئێستا بەهۆی خراپیی دۆخی ئابووری نەمانتوانیوە ئەم پلانە جێبەجێ بکەین."
 
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، پار 2200 تۆمەتباری بەکارهێنان و بازرگانی بە مادەی هۆشبەر دەستگیر کراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.