شاری 'زانکۆ و زانست' لە سوێد بووەتە شوێنی تاوان؛ وردەکاریی کوژرانی سێ گەنج لەنێو سەرتاشخانەیەک

10-05-2025
رووداو @Rudawkurdish
ئاڵای سوێد لەسەر باڵەخانەیەکی وڵاتەکە
ئاڵای سوێد لەسەر باڵەخانەیەکی وڵاتەکە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لەم چەند رۆژەی رابردوودا جارێکی دیکە لە شاری ئوپسالا رووداوێکی دیکە روویدا، کە نەک هەر لە سوێد، بەڵکو لە هەموو ئەورووپاش دەنگیدایەوە، ئەویش ئەوە بوو لە سەرتاشخانەیەکی ئەو شارە لەپڕ یەکێک خۆی کرد بە ژووردا و دەستی بە تەقەکردن لەوانەی نێو سەرتاشخانەکە کرد و 3 کەسی کوشت.
 
ئەوانەی کوژران تەمەنیان 15 ساڵ تاوەکو 20 ساڵە. پۆلیسی سوێدی ئەو نەریتەی هەیە کە هەرگیز زانیاریی کەسی قوربانییەکان بڵاوناکاتەوە و میدیاش خۆیان لەوە دەپارێزن. پۆلیس دەڵێت، ئەمە هەم بۆ پاراستنی ژیانی تایبەتی قوربانییان و کەسوکارییانە، هەمیش بۆ ئەوەیە کە بەو هۆیەوە تۆڵە و تۆڵەکاری زۆرتر نەبێت؛ بۆیە سەبارەت بە ناسنامەی ئەو سێ کوژراوە هیچ زانیاریی نەداوە.
 
شاری ئوپسالا لە سوێد بە "شاری زانکۆ و زانست" ناسراوە، کەچی پێش ئەم رووداوەش ببووە شوێنی شەڕی نێوخۆیی دوو سەرکردەی گرووپە تاوانکارییەکان، کە کورد بوون؛ یەکێک لەوانە ناوی ئیسماعیل عەبدۆیە و خەڵکی باکووری کوردستانە، ساڵی 2023 رکابەرەکانی تاوەکو ئەو رادەیە رۆیشتن کە دایکی ئیسماعیل لەنێو ماڵەکەیدا بکوژن.
 
بەپێی بەدواداچوونی رووداو، یەکێک لەو کەسانەی لەم رووداوەی ئەم دواییەدا لەنێو سەرتاشخانەکەدا کوژراون، ماوەیەک پێشتر لەلایەن پۆلیسەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کراوە، گوایە پلانی هەبووە ئەندامانی سەر بە گرووپەکەی ئیسماعیل عەبدۆ بکوژێت؛ بۆیە وا لێکدەدرێتەوە سەر بە گرووپێک بێت کە دەگوترا لەلایەن کەسێک بەناوی رەوا مەجید، کە خەڵکی باشووری کوردستانە، سەرکردایەتیی دەکران و لەگەڵ عەبدۆ کوشت و کوشتار لەنێوانیاندا هەبووە.
 
رەوا ماوەیەک لەمەوپێش لە سنووری باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە دەستگیر کرا.
 
ئەو کەسەی 3 گەنجەکەی لە سەرتاشخانەکەدا کوشتووە، راستەوخۆ دوای رووداوەکە بە ماتۆڕێک هەڵاتووە. تائێستا چەند کەسێک لەسەر ئەو کەیسە دەستگیر کراو، سێیان دانیشتووی ئوپسالان و تەمەنیان لەنێوان 25 بۆ 34 ساڵدایە، یەکێکی دیکە تەمەنی 20 ساڵە و بەمدواییانە ماڵی لە ئوپسالا بارکردووە.
 
دوای رووداوەکەش راستەوخۆ گەنجێکی بە رەچەڵەک سۆماڵیی 16 ساڵ دەستگیرکرابوو، بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵگەوە ئازاد کرا.
 
ئەندریاس نایبێرگ لە داواکاری گشتی، ئاشکرای کردووە کە لێکۆڵینەوەکان لە سەرتاشخانەکەدا پێشانی دەدەن، جگە لەو سێ کەسەی کوژراون، کەسی دیکەش هەبوون کە لەوێ تەقەیان لێکراوە و لە مردن رزگاریان بووە؛ پۆلیس لەسەر ئەوەش خەریکی لێکۆڵینەوەیە.
 
بەهۆی ئەو رووداوانەی لە ئوپسالا و شوێنەکانی دیکەی سوێد روودەدەن، زۆرجار دایکان و باوکانی گەنجی کورد هەوڵی ئەوە دەدەن و دەیانەوێت بۆ پاراستنی گیانی منداڵەکانیان، بۆ وڵاتی دیکەی ئەورووپا کۆچ بکەن یان لەنێو سوێد بچنە شارێکی دیکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە