رووداو دیجیتاڵ
پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە دوای زیاتر لە 40 ساڵ خەباتی چەکداری و شەڕی خوێناوی لەگەڵ سوپای تورکیا، لە سەروبەندی هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێیە.
لە وەرچەرخانێکی مێژووییدا، بزووتنەوە کوردستانییەکە ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، لە دوو رۆژی رابردوودا لە باشووری کوردستان کۆنگرەی بەستووە.
کۆنگرەکە لە دوو شوێنی جیاواز کراوە و پەکەکە دەڵێت، "لەسەر بنەمای بانگەوازی رێبەر ئاپۆ، بڕیاری گرنگی مێژوویی سەبارەت بە کارەکانی پەکەکە دەرکران."
لە ئامەدەوە تا قەندیل، لەم راپۆرتەدا لەسەر دیارترین وێستگەکانی پەکەکە دەوەستین.
مێژووی پارتەکە
پەکەکە لە باکووری کوردستان دامەزرا. ئەو پارتە لە 27ی تشرینی دووەمی 1978 لە گوندی فیس لە ناوچەی لیجەی شاری ئامەد لەلایەن ژمارەیەک خوێندکاری چەپڕۆی کوردەوە دامەزرا، کە دیارترینیان عەبدوڵڵا ئۆجەلان بوو.
ئامانجی سەرەکیی ئاشکرای پارتەکە لە سەرەتادا، دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی سۆسیالیستی کوردی بوو، بەڵام دواتر گۆڕانکاریی بەسەردا هات.
سەرەتای چالاکییەکان
دوای دامەزراندنی، پەکەکە لەنێو کوردی باکووری کوردستان و تورکیا دەستی بە چالاکیی سیاسی و رێکخستنی نهێنی کرد.
لە ساڵی 1984دا باڵی سەربازیی پارتەکە، کە دواتر بە هێزەکانی پاراستنی گەل (HPG) ناسرا، یەکەم چالاکیی چەکداریی خۆی دژی سوپای تورکیا راگەیاند، ئەوەش بووە سەرەتای ململانێیەکی چەکداریی درێژخایەن کە کوژرانی دەیان هەزار کەسی لە هەردوولا لێکەوتەوە.
قۆناخی شەڕ و ئاگربەستەکان
لە هەشتا و نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا شەڕ و پێکدادان لەنێوان پەکەکە و سوپای تورکیا گەیشتە لووتکە. چەندین جار هەوڵی ئاگربەست و دانوستاندن درا، بەڵام زۆربەیان شکستیان هێنا.
دەستگیرکردنی ئۆجەلان
لە شوباتی 1999دا عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە لە کینیا دەستگیرکرا و رادەستی تورکیا کرایەوە.
ئەو رووداوە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر پارتەکە و دۆزی کورد لە تورکیا هەبوو. ئۆجەلان سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا و لە دوورگەی ئیمرالی لە نزیک ئیستەنبووڵ زیندانییە.
گۆڕانی ئایدیۆلۆجی
دوای دەستگیرکردنی، ئۆجەلان لە زیندانەوە دەستی بە پێداچوونەوە بە ئایدیۆلۆجیای پارتەکەی کرد. بیرۆکەی "کۆنفیدراڵیزمی دیموکراسی" و "نەتەوەی دیموکراسی" هێنایە ئاراوە کە جەخت لەسەر خۆبەڕێوەبەریی دیموکراسی، مافی ژنان، ژینگەپارێزی و پێکەوەژیانی گەلان دەکاتەوە.
پرۆسەی ئاشتی و تێکچوونی
لە ساڵی 2013، پرۆسەیەکی ئاشتی لەنێوان حکومەتی تورکیا و پەکەکە دەستیپێکرد، بەڵام لە هاوینی 2015 تێکچوو و شەڕ و پێکدادان دەستیپێکردەوە.
کاریگەریی لەسەر رۆژئاوای کوردستان
پەکەکە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر پارتی یەکێتیی دیموکرات (PYD) و باڵە سەربازییەکەی - یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG) لە رۆژئاوای کوردستان هەبووە، کە رۆڵی سەرەکییان لە شەڕی دژی داعش لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا گێڕا. تورکیا PYD و YPG بە درێژکراوەی پەکەکە دەزانێت.
ئایدیۆلۆجیا
ئایدیۆلۆجیای پەکەکە گۆڕانکاریی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. لە سەرەتادا پارتێکی مارکسی-لینینی بوو کە بانگەشەی بۆ سەربەخۆیی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سۆسیالیست دەکرد، بەڵام دوای دەستگیرکردنی ئۆجەلان، پارتەکە بەرەو ئایدیۆلۆجیای "کۆنفیدراڵیزمی دیموکراسی" هەنگاوی نا.
سەرکردایەتی و رێکخستن
عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرەڕای زیندانیکردنی، وەکو رێبەری ئایدۆلۆجی و رۆحیی بزووتنەوەکە سەیر دەکرێت.
سەرکردایەتیی مەیدانی: سەرکردایەتیی ئێستای پەکەکە بە شێوەیەکی سەرەکی لە چیاکانی قەندیل لە هەرێمی کوردستانن. سیستمی هاوسەرۆکایەتی پەیڕەو دەکرێ. لەنێو سەرکردە دیارەکانی بریتین لە جەمیل بایک و بەسێ هۆزات کە هاوسەرۆکی کۆمیتەی رێکخستنی باڵی سیاسیی پەکەکەن بە ناوی کۆما جڤاکێن کوردستانێ (کەجەکە).
باڵی سەربازی، هێزەکانی پاراستنی گەل (HPG) و یەکینەکانی ژنانی ئازاد (YJA) باڵی سەربازیی سەرەکیی پەکەکەن.
رێکخراوە پەیوەندیدارەکان: پەکەکە تۆڕێکی فراوانی رێکخراوی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووری لە تورکیا، سووریا، ئێران، عێراق و ئەورووپا هەیە یان هەژموونی بەسەریاندا هەیە.
چالاکی و کاریگەری
ململانێی چەکداری: پەکەکە زیاتر لە چوار دەیەیە لە ململانێیەکی چەکداریدایە لەگەڵ تورکیا. ئەم ململانێیە بووەتە هۆی کوژرانی دەیان هەزار کەس لە هەردوولا، وێرانبوونی هەزاران گوندی کوردستان و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس.
کاریگەریی سیاسی؛ پەکەکە راستەوخۆ بەشداریی هەڵبژاردنەکانی تورکیا ناکات، بەڵام کاریگەری لەسەر بەشێک لە پارتە سیاسییە کوردییەکان و لایەنگرانیان هەیە.
کاریگەریی کۆمەڵایەتی و کولتووری: پەکەکە رۆڵی لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی نەتەوەیی کورد و زیندووکردنەوەی زمان و کولتووری کوردی، بە تایبەتی لە باکووری کوردستان هەبووە.
شەڕی دژی داعش: هێزەکانی نزیک لە پەکەکە، بەتایبەتی YPG/YPJ لە رۆژئاوای کوردستان و چەند ناوچەیەکی دیکەی سووریا، وەک رەققە و دێرەزوور رۆڵی دیاریان لە تێکشکاندنی داعشدا هەبووە.
دۆخی نێودەوڵەتی
پەکەکە لەلایەن تورکیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یەکێتیی ئەوروپا و هەندێک وڵاتی دیکەوە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێنکراوە. ئەوەش بووەتە هۆی کۆتوبەندکردنی چالاکییەکانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و دروستبوونی گوشاری زۆر لەسەر ئەو وڵاتانەی ئەندام و لایەنگرانی پەکەکەیان تێدایە. بەڵام هەندێک لایەن و کەسایەتی، پەکەکە وەک بزووتنەوەیەکی رزگاریخوازی نەتەوەیی کوردستان دەبینن.
کاتەهێڵی رووداوەکان
1978- 1984؛ پەکەکە دادەمەزرێت، خەباتی چەکداری دەستپێدەکات.
بە رەگ و ریشەیەکی مارکسی-لینینییەوە، پەکەکە لە ساڵی 1978 لەلایەن 22 خوێندکارەوە دامەزرێندرا کە زۆربەیان کورد بوون و ئۆجەلان، خوێندکاری زانستە سیاسییەکانیان وەک رێبەر هەڵبژارد.
کودەتایەکی سەربازیی تورکیا لە ساڵی 1980، پەکەکە و رێبەرەکەی ناچارکردن هەڵبێن بۆ سووریا و لوبنان.
لەکاتێکدا لە لوبنان بوون، بزووتنەوەکە لە ساڵی 1984 دەستی بە ململانێی چەکداری کرد.
چەکدارەکانی لە دۆڵی بیقاعی لوبنان، لە رۆژهەڵاتی بەیرووت، راهێنانیان دەکرد، هاوکات هێرشیان دەکردە سەر بنکە و کاروانە سەربازییەکانی تورکیا.
تورکیا وەڵامی دایەوە و شەپۆلێکی تووندوتیژیی لێکەوتەوە، بەتایبەتی لە باکووری کوردستان، کە ناوچەکەی گەیاندە لێواری شەڕی نێوخۆ.
1999؛ دەستگیرکردنی ئۆجەلان
دوای ئەوەی حکومەتی تورکیا هەڕەشەی لە دیمەشق کرد لەسەر پشتیوانیکردنی لە پەکەکە، ئۆجەلان سووریای جێهێشت و چووە ئەورووپا.
لە 15ی شوبات لە کینیا دەستگیرکرا و لە تورکیا سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرا. دواتر خرایە زیندانی تاکەکەسییەوە لە بەندیخانەیەک لە دوورگەی ئیمرالی.
سزاکەی لە ساڵی 2002 کەمکرایەوە بۆ زیندانی تاهەتایی، کاتێک تورکیا دەستی کرد بە پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان وەک بەشێک لەو چاکسازییانەی لە لایەن یەکێتیی ئەورووپاوە پشتیوانی دەکران.
2013 - 2015؛ ئاگربەستی لەرزۆک
ئۆجەلان لە نامەیەکدا کە لە 21ی ئاداری 2013 هاوکات لەگەڵ ئاهەنگەکانی نەورۆز خوێندرایەوە، داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێ، ئەوەش وەک بەشێک لە پڕۆسەی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکوەزیرانی ئەوکات، کە لەلایەن پارتی هەدەپەوە (دەم پارتیی ئێستا) نێوەندگیری دەکرا.
رێکخراوی هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) لە ئۆسلۆ گفتوگۆی لەگەڵ پەکەکەدا کرد.
ئاگربەستەکە لە تەممووزی 2015 دوای هێرشێکی بۆمبڕێژکراوی کوشندە لە سوروچ، شارۆچکەیەک لە نزیک سنووری سووریا، تێکچوو.
هاوکات سەرکەوتنی هەدەپە لە هەڵبژاردنەکانی ئەو ساڵەدا گوشاری خستە سەر حکومەتی تورکیا، کە ترسی لەدەستدانی کۆنترۆڵی هەبوو.
2015 - 2016؛ پێکدادان لە باکوور، باشوور و رۆژئاوای کوردستان
تورکیا ئامانجەکانی پەکەکەی لە سنووری هەرێمی کوردستان عێراق بۆردوومان کرد و ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوانی لە نێوخۆدا ئەنجامدا. پەکەکە بە "شەڕی نێوشار" وەڵامی دایەوە.
شەڕی رۆژانەی تووند لە باکووری کوردستان روویاندا، لەنێویاندا لە شاری ئامەد.
پەیوەندییەکان دوای کودەتا شکستخواردووەکەی 2016 زیاتر تێکچوون و حکومەت دەستی کرد بە سەرکوتکردنی چالاکییە سیاسییە کوردستانییەکان و دەستگیرکردنی سیاسەتڤانانی کورد.
تورکیا هەروەها بە پاساوی پاراستنی سنوورەکانی، لەشکرکێشیی کردە سەر رۆژئاوای کوردستان.
2024- 2025؛ کرانەوەی دەرچەیەکی نوێ
دوای دەیەیەک لە دۆخی چەقبەستوویی و هێرشی پچڕپچڕی هەردوولا بۆ سەر یەکدی، پارتی تووندڕۆی نەتەوەپەرستی مەهەپە بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو دەستی ئاشتیی درێژ کرد و داوای لە پەکەکە کرد شەڕ رەتبکاتەوە، لە هەنگاوێکدا کە لەلایەن ئەردۆغانەوە پشتیوانی دەکرا.
لەوە بەدوا شاندێکی دەم پارتی چوار کۆبوونەوەی لە ئیمرالی لەگەڵ ئۆجەلان کرد لە 28ی کانوونی یەکەم، 22ی کانوونی دووەم و 27ی شوبات دواتر لە 21ی ئادار، نامەی ئۆجەلانیان خوێندەوە کە تێیدا داوای لە پەکەکە کرد، کۆنگرەی چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوە ببەستێت.
پەکەکە لە 1ی ئادارەوە ئاگربەستی تاکلایەنانەی راگەیاندووە، بەڵام هێرشی ناوبەناوی تورکیا بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە لە سنووری هەرێمی کوردستان بەردوامبوون.
9ی ئایار(ئەمڕۆ)؛ راگەیاندنی هەواڵی کۆنگرە
پەکەکە رایگەیاند، دوازدەیەمین کۆنگرەی لە 5 و 7ـی ئایار، لە "هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا" لە سنووری هەرێمی کوردستان "بە شێوەیەکی سەرکەوتوو" تەواوکردووە و لە ماوەیەکی نزیکدا ئەنجامەکەی رادەگەیێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ