هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل دەڵێت، ئۆجەلان لە رێگەی پەیامی ڤیدیۆییەوە بەشداریی لە کۆنگرەی پەکەکە کردووە

09-05-2025
دیار سلێمان
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل دەڵێت، لە رۆژانی رابردوودا پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە تۆمار کراوە و لە کۆنگرەی حیزبەکەیدا پەخش کراوە.
 
رەمزی کارتاڵ، هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل رۆژی هەینی 9ی ئایاری 2025 لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا گوتی، ئەو پەیامە ڤیدیۆییەی کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان "لە رێگەیەوە بەشداریی لە کۆنگرەی پەکەکە کرد، پێشتر تۆمار کرابوو، واتە لە کۆنگرەدا پەخش کرا."
 
کارتاڵ ئاماژەی بەوەش کرد، وێڕای هێرشەکانی سوپای تورکیا لە رۆژانی رابردوودا، "پەکەکە جارێکی دیکە نیشانی دا کە چەندە مەزنە. نیشانی دا کە هەلومەرجەکان هەر چۆنێک بن، بە سیاسەتی خۆی و ویستی رێبەرەکەی، دەتوانێت هەر قۆناخێک ببڕێت."
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە 27ی شوباتی ئەم ساڵ لە بانگەوازێکدا داوای لە حیزبەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەکەکانی دابنێت.
 
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەمڕۆ رایگەیاند، کۆنگرەی 12یەمی لە رۆژانی 5 بۆ 7ـی ئەم مانگە لە هەرێمی پاراستنی میدیا بەڕێوەبردووە و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا زانیاری لەبارەی کۆنگرەکە بڵاودەکاتەوە.
 
کۆنگرەی گەل پێکهاتەیەکی سەر بە پەکەکەیە و ساڵی 2003 لە قەندیل دامەزرا. ئێستا لە ئەورووپا چالاکی هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە