چەند سەرچاوەیەک بۆ رووداو: پەکەکە کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەی کردووە

09-05-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوای گوتەکانی سەرۆککۆماری تورکیا و گوتەبێژی ئاکپارتی لەبارەی چەکدانان یان خۆهەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە لە چەند رۆژی رابردوودا، رووداو لە چەند سەرچاوەیەک زانیاری پێگەیشتووە، کە پەکەکە کۆنگرەی کردووە و لە کاژێرەکانی داهاتوودا ئەنجامەکەی بڵاودەکاتەوە.
 
27ـی شوباتی ئەمساڵ، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە داوای لە پارتەکەی کرد چەک دابنێن. 
 
عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان، 05ـی ئەم مانگە لە رێوڕەسمێکدا کە سەرۆککۆماری وڵاتەکەش ئامادەبوو گوتی، پێشبینی دەکەن پرۆسەی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆتایی بێت و قۆناخەکانی دیکەی پرۆسەکە دەستپێبکەن.
 
لەسەر هەمان پرس، بەگوێرەی میدیایی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوێنێ گوتوویەتی، "ئەمڕۆ یان سبەی پەکەکە چەک دادەنێت و رێکخراوەکە هەڵدەوەشێتەوە".
 
ئەردۆغان لە قسەکانیدا گوتوویەتی، "تەواوی ئاستەنگەکانمان تێپەڕاند. پەکەکە ئەمڕۆ و سبەی چەکەکانی دادەنێت و رێکخراوەکە هەڵدەوەشێتەوە. دواتریش بۆ هەموومان سەردەمێک و قۆناخێکی نوێ دەستپێدەکات".
 
ماڵپەڕی سەربەستییەتی تورکیا، کە خۆیان بە "دیموکرات و چەپ" پێناسە دەکەن، ئەمڕۆ 09ـی ئایار بابەتێکی بەناوی یڵدرای ئۆگور، سەرنووسەری ماڵپەڕەکەوە بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، "پەکەکە لە 03ـی ئایار لە سلێمانی کۆنگرەی بەستووە و تەنیا راگەیاندنی ئەنجامەکەی ماوە". بە گوێرەی ماڵپەڕەکە ئۆجەلانیش بە تەلەفۆن بەشداری لە کۆنگرەکەدا کردووە.
 
 
رووداو ئەمڕۆ لە سێ سەرچاوەوە زانیاری دەستکەوتووە، کە راستە لە رۆژانی رابردوودا پەکەکە کۆنگرەی کردووە و تەنیا راگەیاندنی ئەنجامەکەی ماوە.
 
کەسێکی ئاگادار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پەکەکە بە فەرمی ئەنجامەکە رادەگەیێنێت". بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداویش، پەکەکە لە راگەیێندراوی کۆنگرەکەدا دەڵێت: "پابەندبوون بە رێنماییەکانی سەرۆک ئاپۆ ئەو بڕیارەمان داوە".
 
هەر ئەمڕۆ، ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە وەڵامی دەنگۆکان لەسەر کۆنگرەی پەکەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بەبێ ئەوەی ناوی کۆنگرە بەکاربهێنێت گوتی: "لە نزیکترین کاتدا ئەنجامێک رادەگەیێندرێت".
 
دۆغان لەبارەی ئەنجامدانی کۆنگرەوە گوتی: "ناتوانین بڵێین کۆنگرە نەکراوە، بەڵام بڕیار دەدرێت لەسەر ئەنجامەکان بەگشتی".
 
هەروەها رۆژنامەڤان ئامەد دیجلە، کە بە "زۆر نزیک" لە پەکەکە دەناسرێت لە ئێکس لە گوتارێکدا دوێنێ نووسیویەتی: "لە رۆژانی داهاتوودا، ئەم پرۆسەیە دەچێتە قۆناخێکەوە کە تێیدا بە هەنگاوی دیارتر و بەرجەستەی خێرا دەنرێت".
 
سەرچاوەکانی رووداو ئاماژە بەوە دەکەن، کۆنگرەکە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەکەکە کراوە، نەک لە سلێمانی وەکو هەندێک میدیای تورکیا بانگەشەیان بۆ کردووە.
 
هەر ئەمڕۆ بەرپرسێکی باڵای ئەمنی لە سلێمانی بە رووداوی گوت: "بەهیچ شێوەیەک کۆنگرەی پەکەکە لە سلێمانی نەکراوە. میدیای تورکیا پێدەچێت قەندیلی بە سلێمانی پێناسە کردبێت، چونکە سنووری هەمان پارێزگایە و لە رابردووشدا هەمان پێناسەیان بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەکەکە هەبووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی زستانی سعودیە، بەفر لە شاخەکان باریوە. وێنە: بڵند تاهیر- ئەرشیفی رووداو

کەشناسیی هەرێمی کوردستان: پلەی گەرما بۆ 5 پلە ژێر سفر دادەبەزێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەداتە هاونیشتمانییان، بەهۆی کاریگەریی بەرزە پەستانێکی هەوای رووسیاوە، شەپۆلێکی سەرما روو لە ناوچەکە دەکات و لە شەوانی داهاتوودا پلەکانی گەرما لە بەشێک لە ناوچەکان بۆ ژێر سفر دادەبەزن.