ئاوارەکانی کەمپی خازر گلەیی لە خراپیی دۆخیان دەکەن: ئاو و کارەبامان نییە

10-06-2024
نەهرۆ محەممەد
ژمارەیەک ئاوارەی کەمپی خازر
ژمارەیەک ئاوارەی کەمپی خازر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ ئەوەی کاتی حکومەتی عێراق بۆ داخستنی کەمپەکان نزیکەی 50 رۆژی ماوە، بەڵام دانیشتووانی کەمپی خازر، کە دەکەوێتە نێوان هەولێر و موسڵ، وەکو بڵێی بەنیازی گەڕانەوە نەبن، گلەیی لە خراپی دۆخیان دەکەن.
 
ئاوارەیەکی کەمپی خازر دەڵێت، "زیاتر لە 20 رۆژە لەم گەرمایەدا دەژین، بەنزین و گازمان نییە بۆ هەڵکردنی مۆلیدەی کارەبا. تەنانەت ئاومان نییە. بیری ئاو بە کارەبا کار دەکات و کارەباش نییە. ئەو خەڵکە مووچە و هیچی نییە، تەنیا پشت بە خودا و خەڵکی خێرۆمەند و رێکخراوەکان دەبەستین. دۆخەکە دژوارە."
 
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و بەرپرسی لقەکان لە وەزارەتەکە، رۆژی یەکشەممە 09-06-2024 بە رووداوی راگەیاند، نزیکەی 29 هەزار خێزانی ئاوارە لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان ماون، کە زۆربەیان خەڵکی شنگالن.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گوتی، ئەو ئاوارانە لە 23 کەمپن بە شێوەیەک لە دهۆک 16 کەمپ، لە هەولێر 6 کەمپ و لە سلێمانی یەک کەمپ.
 
ئاوارەیەکی دیکەی کەمپی خازر گوتی، "بە خودا دۆخی کەمپ خراپ و ناخۆشە، لەگەڵ ئەوەی کەسانێک دێنە ئێرە، بانگەواز و داواکارییان ئاراستە دەکرێت، بەڵام وەڵامدانەوە نییە. لەم شوێنە کار دەکەم، بازاڕ زۆر لاوازە، ئەوەش بەهۆی نەبوونی پارەوەیە."
 
حکومەتی عێراق بڕیاری داوە تاوەکو 30ی تەممووزی ئەم ساڵ دۆسیەی کەمپەکان لە هەرێمی کوردستان دابخات. هەندێک لە ئاوارەکانی نێو کەمپەکەش پاساویان بۆ نەگەڕانەوە، نەبوونی بەڵگەنامەیە.
 
ئاوارەیەکی کەمپەکە باسی لەوە کرد، "لە 2016وە هاتوومەتە کەمپ، هەر لەو کاتەی کەمپەکە کرایەوە بۆ وەرگرتنی ئاوارەکان لێرەم. دەمەوێ جێی بهێڵم، بەڵام ناتوانم، چونکە بەڵگەنامەم نییە. کاتێک لەدایکبووم، باوکم کۆچی دواییکرد، نەمتوانیوە بەڵگەنامە دەربکەم، تەنانەت منداڵانی بچووکیش کە لە سەردەمی داعش لەدایکبوون و هاتوونەتە کەمپەکە، ئێستا وەکو من بێ بەڵگەنامەن. خەمی سەرەکیمان دەرکردنی بەڵگەنامەیە، داوای ئاو و کارەبا ناکەین."
 
لە خازر سێ کەمپی ئاوارەکان هەن، ژمارەیان نزیکەی 2200 بۆ 2300 خێزانە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە