رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، دوێنێ دوایین رێوڕەسمە ئایینییەکانی حەج بەڕێوەچوون و 12ی ئەم مانگە یەکەم کاروانی حاجییان بە رێگەی وشکانی دەگەڕێنەوە.
رۆژی دووشەممە، 9ی حوزەیرانی 2025، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم ساڵ پرۆسەی حەج زۆر بە باشی بەڕێوەچوو؛ هیچ کێشەیەک نەبوو، جگە لەوەی حاجییەک گیانی لەدەستدا."
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ئاماژەی بەوەش کرد، "دوێنێ کاژێر 02:00ی پاشنیوەڕۆ بۆ دوایین جار رێوڕەسمی جەمەرات کرا و کۆتایی بە رێوڕەسمەکانی حەجی ئەم ساڵ هات، تەنیا رێکارێک مابێت ئەوەیە حاجییان پێش گەڕانەوە تەوافی ماڵئاوایی بکەن."
بە گوتەی نەبەز ئیسماعیل، 12ی ئەم مانگە یەکەم کاروانی حاجییان بە رێگەی وشکانی و 14ی مانگیش یەکەم کاروان بە رێگەی ئاسمانی دەگەڕێنەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، "دەبێت تاوەکو 20ی مانگ هەموو حاجییان بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان."
ئەم ساڵ ئەوانەی بە رێگەی وشکانی بۆ رێوڕەسمەکانی حەج چوونە سعودیە، هەزار و 646 هاونیشتمانی بوون و ئەوانەشی بە گەشتی ئاسمان چوون سێ هەزار و 490 کەس بوون.
16ی ئایار، یەکەم کاروانی زیارەتکارانی رێوڕەسمەکانی حەج لە هەرێمی کوردستانەوە بە رێگەی وشکانی بەرەو سعودیە بەڕێکەوت و یەکەم گەشتی ئاسمانییش 19ـی هەمان مانگ بەرەو ئەو وڵاتە بەڕێکەوت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ