لە کرماشان دەست بەسەر 20 هەزار لیتر سووتەمەنیی قاچاخدا گیرا

09-06-2025
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە دەروازەی سنووریی پەروێزخانی ناحیەی قەسری شیرینی کرماشان، دەست بەسەر بڕێک سووتەمەنیدا گیرا. بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاکە دەڵێت، پەیوەندیدار بە دۆسیەکە شەش کەس دەستگیرکراون.
 
مەهدی حاجیان، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە چوارچێوەی نەهێشتنی بەقاچاخبردنی سووتەمەنی، ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی حوزەیرانی 2025، تیمەکانیان لەدوای پشکنینێکی ورد لە دەروازەی سنووریی پەروێزخان، دەستیان بەسەر 20 هەزار و 218 لیتر سووتەمەنیی قاچاخدا گرتووە.
 
بەگوتەی مەهدی حاجیان، بەهای ئەو سووتەمەنییەی دەستی بەسەردا گیراوە زیاتر لە 400 ملیۆن تمەنە کە دەکاتە نزیکەی 5 هەزار دۆلار.
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاکە ئاماژەی بەوە کرد، سێ کەس پەیوەندیدار بە دۆسیەکە دەستگیرکراون و دەست بەسەر 7 ئۆتۆمبێل و ماتۆڕدا گیراوە.
 
دەروازەی سنووریی پەروێزخان دەکەوێتە ناحیەی قەسری شیرین لە رۆژئاوای پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لەگەڵ قەزای کەلاری سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە هەرێمی کوردستان هاوسنوورە و ساڵی 2007 بە فەرمی کراوەتەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە