رووداو-هۆڵەندا
دوای زیاتر لە 6 مانگ لە کۆبوونەوە و گفتوگۆ، کوردانی رۆژئاوای کوردستان لە هۆڵەندا لە کۆبوونەوەیەکدا بە بەشداریی زیاتر لە 300 کەس، دامەزراندنی "فیدراسیۆنی کوردانی سووریا"یان راگەیاند.
ئەحمەد مستەفا، کەسایەتیی دیاری کوردی رۆژئاوای کوردستان و خەڵکی سنووری عەفرینە، 40 ساڵ لەمەوبەر چووەتە هۆڵەندا و یەکێکە لەو کوردانەی سەرەتا بوون لە کۆچکردن بۆ ئەو وڵاتە. ئەو یەکێکە لە بەشداربووانی کۆنگرەی دامەزراندنی فیدراسیۆنەکە و بە هەنگاوێکی گرنگی دەزانێت بۆ کۆکردنەوەی کوردان.
سەلمان حسێن، ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاریی فیدراسیۆنی کوردانی سووریا لە هۆڵەندا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەم رێکخراوە، رێکخراوێکی سەرتاسەری و جەماوەریی کوردانی رۆژئاوای کوردستانە لە هۆڵەندا و ئامانجیان یەکخستنی تواناکان و دروستکردنی لۆبییەکی بەهێزە بۆ دۆزی کورد.
بۆ بەڕێوەبردنی فیدراسیۆنەکە، لە رێگەی هەڵبژاردنێکی ئەلیکترۆنییەوە دەستەیەکی بەڕێوەبردن کە لە 9 کەس پێکدێت، دەستنیشان کران. یەکێک لە ئەندامە هەڵبژێردراوەکان، کچە گەنجێکە بە ناوی ماڵڤا عوسمان.
ماڵڤا عوسمان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری فیدراسیۆنەکە بە رووداوی گوت، "وەک گەنجێک خۆم بە بەختەوەر دەزانم کە لەم کارەدا بەشدارم و هەوڵ دەدەین ببینە دەنگ و رەنگی گەنجان و نوێنەرایەتییەکی راستەقینەی کۆمەڵگەکەمان بکەین."
جگە لە دەستەی بەڕێوەبردن، فیدراسیۆنەکە ئەنجوومەنێکی راوێژکاری و چاودێریشی دەبێت کە ئەرکی سەرەکیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کۆمەڵگەی کوردی و دامەزراوەکانی وڵاتی هۆڵەندا دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ