وەزارەتی کشتوکاڵ: بەرهەمی گەنمی ئەم ساڵ لە ملیۆنێک تۆن کەمتر دەبێت

09-06-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، گەنم و جۆی نزیکەی دوو ملیۆن دۆنم زەوی کە پشتی بە باران بەستبوو، لەنێوچووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "بەرهەمی گەنمی ئەم ساڵ لە ملیۆنێک تۆن کەمتر دەبێ."
 
رۆژی دووشەممە، 9ـی حوزەیرانی 2025، هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کەمبارانی کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بەرهەمی گەنم و جۆ هەبووە. ساڵانە نزیکەی 3 ملیۆن دۆنم زەوی بە بەرهەمی زستانە دەچێندرێت؛ نزیکەی دوو ملیۆن دۆنمی پشت بە ئاوی باران دەبەستێ. ئەم ساڵ نیوەی جووتیاران بەرهەمیان لەو دوو ملیۆن دۆنمەدا نەچاند، ئەوانەشی کە چاندیان، بەشی زۆری بەرهەمەکەیان لەنێوچوو، وەک جووتیارانی دەشتی هەولێر، دەشتی شێخان، بەشێکی پارێزگای سلێمانی، سێمێل، بەشێکی ناوچەی گەرمیان و رانیە."
 
پار بەرهەمی گەنمی هەرێمی کوردستان زیاتر لە ملیۆنێک تۆن بوو. بە گوتەی هیوا عەلی، "پێشبینی دەکرێت ئەم ساڵ کەمتر لە ملیۆنێک تۆن بێت."
 
حکومەتی عێراق ئەم ساڵ 400 هەزار تۆن گەنمی وەک پشکی هەرێمی کوردستان دیاریکردووە کە بە نرخی فەرمی وەریبگرێت. هەردوو وەزارەتی بازرگانی و کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان نووسراویان بۆ حکومەتی عێراق کردووە کە بڕەکە زیاد بکەن و هاوشێوەی جووتیارانی ناوەڕاست و باشووری عێراق هەموو گەنمەکە وەربگیرێت.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی: "لیژنەی باڵای هاوئاهەنگی بەردەوام لە رێگەی نووسراو و پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ عێراق لەسەر هێڵە بۆ جێبەجێکردنی ئەم داواکارییە، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی دڵخۆشکەر لە بەغداوە نییە و بە فەرمی وەڵامیان نەداوینەتەوە."
 
هیوا عەلی گوتی: "بەرهەمی عێراق چوار ملیۆن و نیو تۆنە، نزیکەی دوو ملیۆن و نیو تۆنی بەرهەمی گەنمی خۆیان وەرگرتووە و بەردەوامیشن. تاوەکو بەرهەمی خۆیان هەبێت بڕی هەرێمی کوردستان زیاد ناکەن."
 
5-6-2025، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "10ـی ئەم مانگە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات."
 
پار 9 ملیۆن دۆنم زەوی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە گەنم چێندرا و وەزارەتی بازرگانیی عێراق نزیکەی 6 ملیۆن و 300 هەزار تۆن گەنمی لە رێگەی سایلۆکانەوە لە جووتیاران وەرگرت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.