رووداو دیجیتاڵ
دوای بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە سێ رۆژی رابردوودا، کەشناسیی پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێشبینیی دابەزینی پلەی گەرما دەکەن و لە کرماشانیش هۆشداری لەبارەی خۆڵبارینەوە دەدرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی پارێزگای ورمێ پێشبینیی دابەزینی پلەی گەرما دەکات و دەڵێت، لە رۆژی یەکشەممە 9-7-2023ـەوە پلەی گەرما لە نێوان پێنج بۆ شەش پلە بەراورد بە رۆژی شەممە دادەبەزێت.
کەشناسیی ورمێ پێشبینی دەکات لە سێ رۆژی داهاتوودا بایەکی فێنک سەرتاسەری پارێزگاکە بگرێتەوە و پلەی گەرما لە نێوان 33 بۆ 11 پلە بێت.
لە پارێزگای سنە پلەی گەرما لە 24 کاژێری رابردوودا لە نێوان 38 بۆ 16 پلە بووە و پێشبینی دەکرێت لە سێ رۆژی داهاتوودا گەرما چوار بۆ پێنج پلە دابەزێت.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی پارێزگای سنە پێشبینیی هەڵکردنی با و خۆڵبارین بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە لە بەشێکی پارێزگاکە دەکات و سبەی دووشەممە خۆڵبارینەکە نامێنێت.
لە پارێزگای ئیلام کەشوهەوا بە جێگیری دەمێنێتەوە و چاوەڕوان دەکرێت لە سێ رۆژی داهاتوودا پلەی گەرما لە نێوان 19 بۆ 35 پلە بێت و لە رۆژی چوارشەممە 12ـی تەممووزەوە پلەی گەرما بۆ سەروو 40 پلە بەرزبێتەوە.
رۆژی شەممە لە پارێزگای ئیلام خۆڵبارین بوو و بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی پارێزگاکە هۆشداری دابوو ئەو کەسانەی کێشەی کۆئەندامی هەناسەیان هەیە، ئەوەندەی پێیان دەکرێت نەچنە دەرەوە. کەشناسیی ئیلام پێشبینی دەکات ئەمڕۆ خۆڵبارینەکە نەمێنێت.
لە پارێزگای کرماشان هۆشداری لە دەستپێکردنی خۆڵبارین دەدرێت و بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی پارێزگاکە دەڵێت، "لە درەنگانی شەوی یەکشەممەوە خۆڵبارین دەستپێدەکات و بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە چڕتر دەبێتەوە و بەشێکی پارێزگاکە دەگرێتەوە."
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی پارێزگای کرماشان، خۆڵبارینەکە تائاستێک چڕ دەبێت کە مەودای بینین کەمدەکاتەوە و داوا دەکات هاونیشتمانییان تائەو جێگەیەی بۆیان دەکرێت لە ماڵ نەچنە دەرەوە، بەتایبەت منداڵ و پیر و ئەو کەسانەش کە کێشەی کۆئەندامی هەناسەیان هەیە.
هاوکات کەشناسیی کرماشان پێشبینی ئەوە دەکات پلەی گەرما لە سێ رۆژی داهاتوودا لە نێوان سێ بۆ پێنج پلە دابەزێت و لە کۆتایی هەفتەدا پلەی گەرما بەرزببێتەوە بۆ 45 پلە.
هاوکات لە پارێزگای لوڕستان پلەی گەرما شەش بۆ هەشت پلە بەراورد بە رۆژی شەممە دادەبەزێت و بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی پارێزگاکە پێشبینی دەکات لە سێ رۆژی داهاتوودا پلەی گەرما لە نێوان 36 بۆ 11 پلە بێت و ئەگەری بارانبارینیش هەیە.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسیی لوڕستان، ئێوارەی ئەمڕۆ هەور ئاسمان دادەپۆشێت و بە ئەگەری زۆر درەنگانی شەو باران لە زۆربەی ناوچەکانی پارێزگەکە ببارێت، بەڵام لە بەیانییەوە ئاسمان ساماڵ دەبێت و کەشوهەوا بە جێگیری دەمێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ