رووداو دیجیتاڵ
رۆکێتێک ئاراستەی خاڵێکی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری ئامێدی دەکرێت و کەسێک بریندار دەبێت.
ئەیوب نەسری، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە سنووری قەزای ئامێدییە بە مەبەستی رووماڵکردنی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەو سنوورە و ئەم ئێوارەیە رایگەیاند، هێزەکانی پێشمەرگە لە سنوورەکە ژمارەیەک خاڵی سەربازییان داناوە، ئەوەش بە مەبەستی رێگریکردن لە هاتنە ناوەوەی زیاتری سوپای تورکیا.
ئەیوب نەسری گوتی، یەکێک لەو خاڵانە لە نزیک گوندی سەرگەلێیە کە 7 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی قەزای ئامێدییەوە دوورە و ئەمڕۆ کاژێر 4:10ی دوای نیوەڕۆ رۆکێتێکی ئاراستە کراوە و لە ئەنجامدا کەسێک بریندار بووە.
ئەیوب نەسری رایگەیاند، ئەو کەسەی برینداربووە شۆفێری ئامێری کرێن بووە کە لەو خاڵەدا کاری کردووە و بە مەبەستی چارەسەر بۆ نەخۆشخانە گوێزراوەتەوە.
پەیامنێری رووداو گوتی، چەند کەسێک پێیان راگەیاندووە کە رۆکێتەکە لە لایەن گەریلاکانی پەکەکەوە ئاراستە کراوە و بریندارەکەش برینی سووکە، بەڵام ئەوە نە لە لایەن لایەنی فەرمی هەرێمی کوردستانەوە پشتڕاستکراوەتەوە و نە لە لایەن گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیاوە قسەی لەبارەوە کراوە.
هەروەها پەیامنێری رووداو ئەوەی خستەڕوو، نزیکەی مانگێکە دۆخی ئەم ناوچەیە خراپە و لە ئەنجامی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکەش بەشێک لە دارستانەکانی سنووری گوندەکانی کەڤنەمژێ، سپندارێ و گیرگاشێ لە چەند رۆژی رابردوودا ئاگریان تێدا کەوتووەتەوە.
ئەیوب نەسری گوتی، شەڕەکە لە بەشێک لەو سنوورە بە جۆرێکە کە ئیدی شوێنەکە بووەتە ناوچەی قەدەخەکراو و هەر ئەوەش وایکردووە زیانی گیانی نەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ