رووداو دیجیتاڵ
دەزگای روانگە بە هاوئاهەنگی رێکخراوی یونیسێف پڕۆژەی تواناسازیی نەوەی داهاتووی دەستپێکرد. سەرۆکی جێبەجێکاری دەزگاکە دەڵێت، راهێنانەکە لە دهۆک، شێخان و سێمێل دەبێت و 600 گەنج لێی سوودمەند دەبن.
حەسەن شێخ عەلائەدین، سەرۆکی جێبەجێکاری دەزگای روانگە لە کاتی دەستپێکردنی پڕۆژەکەدا رایگەیاند: "چالاکییەکانی پڕۆژەی تواناسازی نەوەی داهاتوومان دەستپێکرد و سوپاسی رێکخراوی یونیسێف دەکەین کە پاڵپشتی دارایی ئەم پڕۆژەیەی گرتووەتە ئەستۆ. پڕۆژەکە بۆ نۆ مانگ بەردەوام دەبێت."
حەسەن شێخ عەلائەدین گوتی: "راهێنانی کارامەیی ژیان بۆ 600 گەنج لە قەزاکانی دهۆک، شێخان و سێمێل دەستپێدەکەین. لەو 600 گەنجەش 54 کەسیان دەبنە راهێنەری سەرەتایی."
وەک سەرۆکی جێبەجێکاری دەزگای روانگە دەڵێ، "هەر راهێنەرێکی سەرەتایی بۆ رۆژێک راهێنان بە 10 گەنجی دیکە دەکات کە لە پڕۆژەکەدا بەشدار نەبوون."
چالاکییەکانی پڕۆژەکە بەم شێوەیە دەبن:
- راهێنانی کارامەیی ژیان بۆ 600 گەنج لە قەزاکانی دهۆک، شێخان و سێمێل.
- لەو 600 گەنجەی راهێنانیان بەتەواوی کردووە، 54 کەسیان دەبنە راهێنەری سەرەتایی. هەر راهێنەرێک بۆ رۆژێک راهێنان بە 10 گەنجی دیکە دەکات کە لە دەرەوەی بەشداربوواندان.
- لە هەر ناوەندێکی گەنجی هەر سێ قەزاکە، تاقیگەیەکی داهێنان دادەمەزرێ کە بریتییە لە ناوەندێکی گونجاو بۆ وەرگرتنی بیرۆکە و ئامادەکردنی پڕۆژە و کۆبوونەوەی پەیوەست بە توێژینەوە ئەکادیمییەکان.
- لە کۆی بەشداربووان، 30 گەنج دەخرێنە سەر کار بۆ ماوەی مانگێک بە مەبەستی فێربوون لە بوارە جیاوازەکان و پەرەپێدان بە خولیاکانیان.
- 150 گەنج لەسەر ئاستی هەر سێ قەزاکە راهێنانیان پێدەکرێت لە بوارەکانی بەڕێوەبردنی پڕۆژە، داکۆکیکردن لە توانا و مافەکانیان و چالاکییەکانی نێو کۆمەڵگە.
لە بەردەوامی پاڵپشتییەکاندا 36 پڕۆژە پاڵپشتی دارایی دەکرێن کە ئەمانەن:
- 15 پڕۆژەی ژینگەیی بە بڕی پێنج ملیۆن دینار بۆ هەر پڕۆژەیەک.
- 15 دەستپێشخەری کۆمەڵایەتی بە بڕی دوو ملیۆن دینار بۆ هەر پڕۆژەیەک.
- شەش پڕۆژەی دیجیتاڵی بە بڕی دوو ملیۆن دینار بۆ هەر پڕۆژەیەک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ