پڕۆژەی کارەبای 24 کاژێری فراوانکرا؛ نێو بازنەکانی 150 مەتریی هەولێر و 60 مەتریی سلێمانی دەگرێتەوە

09-07-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، "خۆشحاڵین بە راگەیاندنی گەیشتنی کارەبای 24 کاژێری بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن هاونیشتمانی، کە دەکاتە نزیکەی 30%ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکی."
 
وەزارەتەکە رایگەیاندووە، "دوابەدوای ئەم فراوانبوونەی ئەمڕۆ، زۆرینەی هاونیشتمانیان لەسەر ئاستی شارەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی دەستیین دەگات بە کارەبای 24 کاژێری و فراوانبوونەکەش تەواوی هەردوو بازنەی 150 مەتری لە هەولێر و 60 مەتری لە سلێمانی دەگرێتەوە."
 
بەگوێرەی وەزارەتی کارەبا، "زیاتر لە دوو ملیۆن هاونیشتمانی و 544 هەزار هاوبەش ئێستا سوومەندن لە پڕۆژەکە.
 
زیاتر لە 2,100 مۆلیدەی گازوایل لە گەڕەکەکان کوژێنراونەتەوە و تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پلانیدایە زیاتر لە 7,000 مۆلیدە بکوژێنێتەوە."
 
وەزارەتەکە دڵنیایی دەدات لەوەی، تاوەکو کۆتایی 2025 سەنتەری هەر چوار پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە کارەبای 24 کاتژمێریان پێ دەگات.
 
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی رووداو لە تیمی پڕۆژەکەی وەرگرتوون، بەشداربووانی کارەبای 24 کاژێری بەگوێرەی پارێزگاکان بەم شێوەیەن:
 
- هەولێر؛ 354 هەزار هاوبەش کە نزیکەی ملیۆنێک و 375 هەزار کەس لێی سوودمەند دەبن.
- سلێمانی؛ 140 هەزار هاوبەش کە نزیکەی 504 هەزار کەس لێی سوودمەند دەبن.
- دهۆک؛ 50 هەزار هاوبەش کە نزیکەی 176 هەزار کەس لێی سوودمەند دەبن.
 
ئەو گەڕەکانەی پێشتر یان لە ئەمڕۆوە کارەبایان دەبێتە 24 کاژێری ئەمانەن:
 
گەڕەکەکانی هەولێر
 
بێتواتەی نوێ، هەولێری نوێ، هیوا سیتی، حەسارۆک، رۆژهەڵات، نەورۆز سیتی، فلۆریا سیتی، ئەندازیاران، قەرەبوو،  لاوان،  ئاشتی،  شاری هیران،  فەرمانبەران، جادەی کۆنی بنەسڵاوە، زۆنی بنەسڵاوە، دارەتوو، زەیتوون، رۆشنبیری، گردجووتیار، پیرزین، زۆنی شاری زێڕین، شادی، بەهاری نوێ، نازناز، بەختیاری، سەربەستی، کورانی ئەلبان، رزگاری، کوردستان، بەهار، کرێکاران، ئازادی، ماجیداوا، راستی، نیشتیمان، راپەڕین، نەورۆز، ماردین، زانیاری، تەعجیل، عەرەب، منارە، ژیان، تەیراوە، مستەوفی، سەلاحەدین، کورانی عەنکاوە، عەنکاوە، شۆڕش، کانی، نووسەران، کوێستان، خانەقا، شەهیدان، سەیداوا، سێتاقان، کۆماری، رووناکی، پزیشکان، مەنتکاوە، مهاباد، زانکۆ، حەمرین، شارەوانی، ئیسکان و موفتی، کارێزان، باداوا، مامۆستایان 1&2، خەبات، منارە 1&2، چوار چرا، زانایان و هەڤالان، سەروەران، چنار، برایەتی، خانزاد، ناوچەی پیشەسازی سەفین و باکوور، گوڵان 1، گوڵان 2
 
گەڕەکەکانی سلێمانی
 
ئازادی، شێخان، زۆنەکانی مەجید بەگ،  ئیبراهیم ئەحمەد، هەواری تازە، شاری برووسک،  شاری خەونەکان، گۆیژە، گۆێژەی نوێ، مامەیارە، بازاڕی مەولەوی، تووی مەلیک، هەواری تازە، کازیوە 1، کازیوە 2، سەیوان، گۆیژەی نوێ و هەوارە بەرزە، عەلی کەمال، و دارۆغا، شەهیدانی ئازادی و ئازادی، ئیسکان، ئیسڵاح و 60 مەتری.
 
گەڕەکەکانی دهۆک
 
گرێ باسی، زانکۆی پۆلیتەکنیک،  شاری کەیار، گەڕەکی مەلایان (KRO)، مۆڵی دهۆک،  پارکی ئازادی،  رەزا (گەڕەکی عەسکەریی 2)، زۆنەکانی گرێ سۆر،  شاخکێ 1،  ماڵتا 1،  شاخکێ 2،  زەری لاند،  ماسیکێ، بەرۆشکێ، سەرهەڵدان، مامەدکێ، زۆزان، کانی مامەدکێ، خەبات.
 
بەگوێرەی پڕۆژەکە، تاوەکو ئێستا کوژاندنەوەی موەلیدەکان گەیشتووەتە 2 هەزار و 107 موەلیدە و بەگوێرەی شارەکان بەمشێوەیەیە؛ لە هەولێر هەزار و 652 موەلیدە، سلێمانی 292 موەلیدە و لە دهۆکێش 163 موەلیدە کوژێندراونەتەوە.
 
نرخی کارەبا لە پڕۆژەی رووناکی
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پارەی کارەبای 24 کاژێرییەوە دەڵێت، "مانگی پێشووتر هاووڵاتییان کەمترین پارەی کارەبایان دابوو لە پسوولەکانی مانگی پێنج، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نرخە نوێیەکان کەوا بۆ پاراستنی خێزانە کەم دەرامەتەکان و هاندانی هاووڵاتییان بۆ بەکارهێنانی بەرپرسیارانەی کارەبا دانراون. بەگوێرەی نرخە نوێیەکان، 80%ـی هاوڵاتییان پارەیەکی کەمتر دەدەن بە کارەبا بە بەراورد بەو پارەیەی دەیاندا بە هەردوو کارەبای نیشتیمانی و کارەبای موەلیدە."
  
1 بۆ 400 کیلۆوات: 72 دینار
 
400 بۆ 800 کیلۆوات: 108 دینار
 
800 بۆ 1200 کیلۆوات: 175 دینار
 
1200 بۆ 1600 کیلۆوات: 265 دینار
 
1600 بۆ سەرەوە: 350 دینار
 
چۆن پارەی کارەبای 24 کاژێری دەدرێت؟
 
بە گوێرەی تیمی پڕۆژەی رووناکی بۆ رووداو، دابەشکردنی پسوولەی پارەی کارەبا بۆ مانگی 5 لە رێگەی نامەوە بۆ هەموو ئەو بەشداربووانە نێردراوە لە پڕۆژەکە سوودمەندن لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و بڕیارە دواتر بۆ بەشداربووانی دهۆکیش بنێردرێت.
 
ئەو کەسانەی لە پڕۆژەی رووناکیدا بەشدارن، سەرەتا بە کورتە نامە لە بڕی پارەی مانگەکە ئاگادار دەکرێنەوە و دواتر کارمەندانی پڕۆژەکە دەچنە لای ماڵەکان و پارەیان لێ وەردەگرن.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، "لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا پسوولەی مانگی شەشی کارەبای پڕۆژەی رووناکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوانەی پێشتر لە پڕۆەژەکدا بوون."
 
مانگی 11ـی ساڵی رابردوو، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕووناکی راگەیاند، 14ـی ئایاری ئەمساڵ ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکۆی دەنگ پڕۆژەکەی پەسند کرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.