رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی دارستانی سلێمانی رایگەیاند، کەسێکیان بە تۆمەتی بڕینی 100 دار لە دارستانی بەرزنجە دەستگیرکردووە.
عەمید هێمن کەمەرخان، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی دارستانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە گوندی بیوەکی سنووری ناحیەی بەرزنجەی سلێمانی هاونیشتمانییەک دەستگیرکرا کە زیاتر لە 100 داری سرووشتی بڕیوەتەوە.
هێمن کەمەرخان گوتی: "لەکاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکەدا، دەستیش گیراوە بەسەر چەند ئامێرێکی داربڕین و بارکردن و ماتۆڕسکیلێکدا".
پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتبارەکە کراوەتەوە و بەپێی یاسا سزا دەدرێت.
سزای سووتاندن و بڕینەوەی دار بەگوێرەی تەمەن، جۆر و شوێنی دارەکە دەگۆڕێت لە 48 هەزار دینارەوە تاوەکو شەش ملیۆن دینار سزاکەیەتی.
پێشتر عەبدولغەفوور تاهیر، بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، "هەرکەسێک تاوانی سووتاندن یاخود بڕینەوەی داری بەسەردا ساخ ببێتەوە، سزا ماددییەکەی لەنێوان دوو بۆ شەش ملیۆن دینارە، ماوەی بەندکردنەکەشی لەنێوان دوو بۆ سێ ساڵ دەبێت، بەڵام داری دارستانە سرووشتییەکان لە 48 هەزار دینارەوە بۆ 75 هەزار دینارە، لەبری هەر دارێکیش دەبێت پێنج دار بچێنێت، ئەگەر لە 400 داریش زیاتربوو دەبێت دارستانێک دروستبکات و ماوەی دوو ساڵیش خزمەتی بکات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ