رووداو دیجیتاڵ
دوای چوار رۆژ لە بێسەروشوێن بوونی باوک و کچێک لە زاخۆ، ئەمڕۆ تەرمی باوکەکە دۆزرایەوە، بەڵام کچە شەش ساڵانەکەی بهناوى ئاخین تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنە. هاوژینی پیاوە کوژراوەکە دەڵێت، "هاوژینەکەم یەک دیناری پێنەبوو، تەنانەت کرێی ئەو تاکسیەی نەداوە کە پێی چوو بۆ ئەو باخەی تێیدا کوژرا."
فارووق میرزا، تهمهنی 42 ساڵە و ئاوارەیەکی كوردی ئێزدییە، له ساڵی 2014وە له کهمپی چهمشکۆ له زاخۆ دهژی. بەڕێوەبەری پۆلیسی زاخۆ دەڵێت، لەسەر رووداوی کوشتنی فارووق فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سێ کەس دەرچووە.
مەهایا میرزا، خوشکی فارووقە، ئەو میوانی بەرنامەی بەرپرسیار بوو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، لەبارەی کوژرانی براکەی گوتی: سەرەتای ونبوونی براکەم ئاگادارنەبووم، بەڵام دوای دوو رۆژ لە ونبوونی خێزانەکەی تەلەفۆنی بۆ کردم گوتی، براکەت دیار نییە لەگەڵ کچە بچووکەکەی ئاخین.
فارووق و منداڵەکەی لە رۆژی پێنجشەممە 4-8-2022، لە کاژێر 11:00ـی پێش نیوەڕۆوە لە ماڵەوە چووەتە دەرەوە، تاوەکو دوێنی دووشەممە 8-8-2022، هیچ هەواڵێکی نەبوو. خوشکەکەی دەڵێت، "منیش بەخێزانەکەیم گوت، رەنگە سەردانی هاوڕێیەکی کردبێت بۆیە نادیارە، بەڵام شتێکی نائاسایی بوو بۆ ئێمە، چونکە دوای ئاوارەبوونمان هەرگیز نەبووە براکەم بۆ شەوێکیش منداڵ و خێزانەکەی جێبهێڵێت، من خوشکی گەورەیم نەدەهاتە ماڵی من شەوان بمێنێتەوە."
دوای ونبوونی فارووق، خێزانەکەی پۆلیس و ئاسایشیان ئاگادارکردووەتەوە و ئەوانیش دەستیان بە گەڕان و بەدواداچوون کردووە، خوشکەکەی فارووق دەڵێت، "داواکارم خوێنی براکەم بەفیڕۆنەچێت، لە دوای ونبوونی براکەمەوە هیچ تەلەفۆنێک بۆ ئێمە نەهاتووە."
خوشکی کوژراوەکە باسی پاسەوانی ئەو باخە دەکات کە تەرمی فارووقی لێ دۆزراوەتەوە و دوایین شوێن بووە کە فارووق بۆی چووە، دەڵێت، "ئێمە چووینە لای پاسەوانی ئەو باخەی کە فارووق بۆی چووبوو، چەند جارێک قسەی خۆی گۆڕی جارێک گوتی، شەو هاتووەتەوە، جارێک گوتی نیوەڕۆ.. ئەو شوێنەی براکەمی بۆ چووە، هەموو کەسێک وەک شوێنی سەیران و گەشت سەردانی دەکەن."
سێڤێ باپیر، هاوژینی فارووقە، ئەویش لە بەرنامەی بەرپرسیار بەشداربوو، گوتی، "چەند جارێکی دیکەش فارووق چووبووە ئەو باخە و دەگەڕایەوە، هەرگیز پێشبینی شتی وام نەدەکرد، تەلەفۆنێکی بۆ هات کاژێر 11:00ـی پێش نیوەڕۆ بوو، گوتی هاوڕێیەکمە کە پاسەوانی باخەکەیە هەندێک سەهۆڵ لەگەڵ خۆم دەبەم و دەڕۆم بۆلای، گوتم دینارێکت پێ نییە دەچیت بۆ کوێ، گوتی هاوڕێکەم داوای سەهۆڵی لێکردووم من هەر دەچم و بۆی دەبەم."
بەگوتەی سێڤێ باپیر، "لەو کاتەدا کچەکەم بە باوکی گوت، منیش لەگەڵت دێم بۆ باخەکە؛ هاوژین و کچەکەم پێکەوە لە ماڵەوە دەرچوون، بە تاکسیی دراوسێیەکەمان چوون بۆ باخەکە، بەخودا پارەی ئەو تاکسییەشی نەداوە، هاوژینەکەم هیچ پارەیەکی پێنەبوو و گوتی، 'بێزارم هەر دەچم بۆ باخەکە'."
پێش ئەوەی فارووق بەتەواوی دەنگی نەمێنێت و بێسەروشوێن بێت، هاوژینەکەی بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵدا کردووە، ئاماژەی بەوە کرد، "کاژێر 04:00 ـی عەسر تەلەفۆنم بۆ فارووق کرد گوتم، 'چی دەکەن؟' گوتی 'وا لەژێر سێبەری دارەکان دانیشتووم'؛ دوایی خوشکێکی فارووق قسەی لەگەڵ کرد، 'گوتی هەنار دەخۆم'.. دواتر چاوەڕوان بووم فارووق کاژێر 07:00 یان 08:00 بگەڕێتەوە، هەر نەگەڕایەوە، دوای کاژێر 09:00ـی شەو بە یەکێک لە کچەکانم گوت، بڕۆ مامت ئاگاداربکەرەوە بزانە بۆ تاوەکو ئێستا نەهاتووەتەوە و تەلەفۆنم بۆ هاوژینەکەم کرد، هەر داخرابوو."
هاوژینی فارووق داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان دەکات هاوکاریی بکەن بۆ دۆزینەوەی کچەکەی و دەستگیرکردنی بکوژی فارووق.
عەقید نزار سلێمان، بەڕێوەبەری پۆلیسی زاخۆش لە بەرنامەی بەرپرسیار بەشداربوو، رایگەیاند: هاوژینی فارووق رۆژی 5-8-2022 لە پۆلیس سکاڵای لەسەر کەسێک تۆمارکردووە لە گوتەکەیدا باسی لەوە کردووە رۆژی 4-8-2022 هاوژین و کچەکەی کە تەمەنی شەش ساڵانە چوونەتە باخێک کە پاسەوانەکەی مانگێکە بووتە هاوڕێی هاوژینەکەی و چەندین جاری دیکە سەردانی ئەو باخەی کردووە، هەر هەمان رۆژ کە هەینی بوو، بڕیاری دادوەری ئێشکگرمان وەرگرت، چووین باخ و ماڵی پاسەوانەکەمان پشکنی، بەڵام تۆمەتباری رووداوەکە خۆی ونکردبوو، بەڵام لە ماڵەکەیدا دوو نارنجۆک و کڵاشنیکۆفمان دەست بەسەردا گرت.
عەقید نزار سلێمان باسی رێکارەکانی پۆلیس و دۆزینەوەی تەرمی فارووق دەکات و دەڵێت، "سێ رۆژ تیمەکانی نەهێشتنی تاوان لە پشکین و بەدواداچوون بەردەوام بوون، دواتر بۆمان دەرکەوت لە باخەکە شوێنێک هەڵکۆڵدرابوو و دوایی شوێنەکەمان هەڵدایەوە تەرمی فارووقمان دۆزییەوە، پێش کوشتنی دەستی لە پشتەوە بەستراوە، بە چەکیش کوژراوە."
بەڕێوەبەری پۆلیسی زاخۆ باسی لە چوونی هاوژینی فارووق بۆ باخەکە دەکات و ئاماژەی بەوە کرد، هاوژینی فارووق سەردانی باخەکەی کردووە و لە هاوژین و کچەکەی پرسیوە، بەڵام تۆمەتبارەکە گوتوویەتی، فارووق لە کاژێر 11:00ـی شەو گەڕاوەتەوە ماڵەوە، دواتر تۆمەتبارەکە رایکردووە بۆ شوێنێکی دیکە.
لەبارەی گەڕان و بەدواداچوونەکانی پۆلیس بۆ دۆزینەوەی منداڵە شەش ساڵانەکە، عەقید نزار سلێمان گوتی، "ئەمڕۆ جارێکی دیکە بەدواداچوونێکی وردمان بۆ دۆزینەوەی ئاخینی شەش ساڵان کردووە، بەڵام هیچمان نەدۆزیوەتەوە.. بە بڕیاری دادوەر فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتباری کوشتنی فارووق دەرچووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ