رووداو دیجیتاڵ
دوو منداڵ لە گوندێکی سەر پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە گەڕاوێکدا خنکان. بەرپرسی فریاکەوتنی پارێزگای سنە دەڵێ، ژنێکی تەمەن 38 ساڵیش رزگارکراوە.
رووداوەکە ئێوارەی رۆژی هەینی، 08-08-2025 لە گەڕاوێکدا لە گوندی باوەگوڕگوڕی سەر بە شاری قوروەی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان روویدا.
بابەک هودائی، بەرپرسی فریاکەوتنی خێرای پارێزگاکە رایگەیاند، دوو منداڵی تەمەن 6 ساڵ و 15 ساڵ کەوتوونەتە نێو ئاوەکەوە و خنکاون.
بە گوتەی بابەک هودائی، تیمەکانی بەرگریی شارستانی دوای دوو کاژێر تەرمی هەردوو منداڵیان دەرهێناوەتەوە.
وەک بەرپرسی فریاکەوتنی خێرای پارێزگای سنە دەڵێ، ژنێکی تەمەن 38 ساڵانیش کە بە مەبەستی رزگارکردنی منداڵەکان چووبووە نێو ئاوەکە، دەرهێنراوە و ئێستا دۆخی تەندروستی جێگیرە.
گوندی باوەگوڕگوڕ دەکەوێتە سنووری شارۆچکەی دڵوەرانی سەر بە شاری قوروە کە گەڕاوێکی تێدایە و بەو هۆیەوە ساڵانە خەڵکێکی زۆر بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری سرووشتی بۆ نەخۆشییەکانی پێست سەردانی دەکەن.
بەپێی ئاماری دادپزیشکیی ئێران، پار هەزار و 26 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاودا خنکاون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ