کوردستان
محەممەد سەمعان [لای راست] و فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا- مەهەپە.
رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) رایگەیاند، هەڵبژاردنی محەممەد سەمعان ئاغا، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق بە پارێزگاری کەرکووک "وەرچەرخانێکی مێژووییە."
شەوی رابردوو 16ـی نیسانی 2026، محەممەد سەمعان ئاغا، سەرۆکی بەرەی تورکمانی لەلایەن ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاوە بە پارێزگاری کەرکووک هەڵبژێردرا.
فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا لە پەیامێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند: "محەممەد سەمعان ئاغا، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق بە پارێزگاری کەرکووک هەڵبژێردرا. دوای 102 ساڵ، پارێزگارێکی تورکمان کەرکووک بەڕێوەدەبات."
یڵدز ئاماژەی بە پەیامەکەی پارێزگاری نوێی کەرکووک کرد و گوتی: "محەممەد سەمعان ئاغا دوای هەڵبژاردنی لە یەکەم لێدوانیدا گوتی، 'کەرکووک دەستەگوڵێکە و بە پاراستنی هەموو رەنگەکانی ئەم دەستەگوڵە خزمەت دەکات.' پیرۆز بێت."
دوای ئەوەی رێبوار تەها دەستی لە پۆستی پارێزگاری کەرکووک کێشایەوە، رۆژی پێنجشەممە 16ی نیسانی 2026، ئەنجوومەنی پارێزگا (بەبێ بەشداریی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان) کۆبووەوە و محەممەد سەمعان، سەرۆکی بەرەی تورکمانی بە زۆرینەی دەنگ وەک پارێزگاری نوێی کەرکووک هەڵبژارد.
محەممەد سەمعان، لە یەکەم کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی خۆیدا گوتی، "کۆتاییمان بە حەسرەتی 100 ساڵەی خۆمان هێنا و ئێستا تورکمانێک پارێزگاری کەرکووکە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ