292 فۆرمی سکاڵا دژی عەجاج تکریتی پڕکراونەتەوە

09-08-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پڕکردنەوەی فۆرمی سکاڵا دژی عەجاج تکریتی (ناسراو بە حەجاج) نیوەڕۆی ئەمڕۆ کۆتایی هات. بە گوێرەی لایەنی پەیوەندیدار بۆ رووداو، 292 فۆرم پڕکراونەتەوە.

لە قەزاکانی کەلار و چەمچەماڵ، هەروەها لە ئەمنەسوورەکەی سلێمانی فۆرمی سکاڵا پڕاکراونەتەوە. زۆرترین سکاڵا لە کەلار بووە، پاشان چەمچەماڵ و سلێمانی.
 
یەکێک لەو شوێنانەی فۆرمی تێدا پڕکرایەوە مۆنۆمێنتی ئەنفالە لە چەمچمەماڵ. هابیل ئەحمەد، بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کارەکانمان تەواو بوون. بەگشتی 75 فۆڕم پڕکراونەتەوە".
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە قەزای کەلاریش 183 فۆرمی سکاڵا پڕکراونەتەوە.
 
لەبارەی بنکەی وەرگرتنی فۆرمی سکاڵا لە مۆزەخانەی ئەمنەسوورەکەی سلێمانی، ئاکۆ غەریب، بەڕێوەبەری مۆزەخانەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە بنکەکەمان 34 فۆرم پڕکراونەتەوە".
 
بڕیارە هەموو سکاڵاکان ببرێنەوە ئەمنەسوورەکەی سلێمانی. ئاکۆ غەریب گوتی: "جگە لەو 292 فۆرمەی ئامادەن، لە هەموو ناوچەکان فۆرمی دیکە براون بۆ پڕکردنەوە و دواتر دەگەڕێندرێنەوە".
 
هابیل ئەحمەد، بەڕێوەبەری مۆنیۆمێنتی چەمچەماڵ ئاماژەی بەوە کرد: "تیمێکی هاوبەشی پارێزەران و دادوەران بە وردی سەیری هەموو فۆرمەکان دەکەنەوە و پێش گەیاندنییان بە دادگەی پەیوەندیدار، کەموکورتییە یاساییەکان چارەسەر دەکەن".
 
هابیل ئەحمەد گوتیشی، لەنێو فۆرمەکەدا ژمارەیەک پرسیار کراون، بۆ نموونە پرسیار کراوە، حەجاج چی کرد؟ خۆت بەچاوی خۆت چیت بینی؟ ئازاری خۆتی داوە یان شاهێدحاڵی؟
 
لە 04ـی ئابەوە پڕکردنەوەی فۆرمی سکاڵا دژی عەجاج تکریتی دەستپێکرد.
 
31ـی تەمموزی ئەم ساڵ، دەستگیرکردنی عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی راگەیێندرا کە یەکێکە لە تۆمەتبارە سەرەکییەکانی تاوانی ئەنفال و لە نوگرەسەلمان لای کوردەکان بە "حەجاجی جەللاد" ناسراو بووە.
 
ساڵی 1988، لە هەڵمەتێكی سەربازیی گەورە و پلان بۆ داڕێژراوی رژێمی بەعسدا، بە 8 قۆناخ پرۆسەی ئەنفالی كورد دەستیپێكرد. 
 
بەپێی گێڕانەوەی ئەوانەی رزگاریان بووە، سەرجەم ئەوانەی لە ئەنفالدا دەستگیركران، لە قۆناخی دواتردا لە یەكدی جیاكرانەوە، گەنجەكان لەلایەك و ئافرەت و منداڵ و پیر و بەتەمەنەكانیش لەلایەكی دیكە. گەنجەكان بە پاس بەرەو چاڵەكانی مەرگ رەوانە كران، ئەوانی دیكەش بەرەو زیندانی ترسناكی نوگرەسەلمان لە باشووری عێراق لەسەر سنووری عێراق و سعودیە گوێزرانەوە.
 
ئەوانەی لە زیندانی نوگرەسەلمان دەستبەسەربوون، رۆژانە لەلایەن کەسێکەوە زۆر بە تووندی ئەشكەنجە دەدران کە دەگوترێت عەجاج تكریتی بووە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.