رووداو دیجیتاڵ
بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، کورد باجی نەبوونی یەکڕیزی لەنێوان لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان دەدات و گوتیشی، ''کێشەکانی یاسای بودجە سیاسین و تەنیا بە بڕیار و رێککەوتنی سیاسیش چارەسەر دەبن".
ئەمڕۆ شەممە، 09-09-2023، کاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە زانا کایانی و هەوار جەلالەدین پێشکێشیان کرد، رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ گفتوگۆ لەسەر جێبەجێکردنی یاسای بودجە گەیشتوونەتە بنبەست.
کاروان یاروەیس ئاماژەی بەوە کرد، جۆرێک نائومێدی هەیە و هۆکارەکەیشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە کێشەکە "رەهەندی سیاسی هەیە و بۆ چارەسەرکردنی، پێویستە بڕیاری سیاسی بدرێت و رێککەوتنێکی سیاسیش هەبێت".
دوێنێ هەینی، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانەوە لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی راگەیێندراوی هەمان رۆژی باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراقی دایەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا پێشەوا هەورامانی دەڵێت، "هەرێمی کوردستان بەپێی خشتەکانی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2023، شایستەی 16 ترلیۆن و (498) ملیار دینارە، کە مانگانە دەکاتە (1) تریلیۆن و (375)ملیار دینار. لەم بڕە مانگانە (906) ملیار دیناری تەرخانکراوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە. بەڵام لە 1-1-2023ـەوە وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەنیا بڕی (2) تریلیۆن و (598) ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان خەرج کردووە، کە 400 ملیاری ئەم پارەیە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی 11 و 12ـی ساڵی 2022، لەکاتێکدا بە پێی خشتەکانی یاسای بودجە تا مانگی هەشتی ساڵی 2023 بڕی 11 ترلیۆن تەرخانکراوی هەرێمی کوردستانە".
ئەوە لەکاتێکدایە گوتەبێژی حکومەتی فیدراڵیش دەڵێت، تەواوی پابەندبوونەکانیان بەرامبەر هەرێمی کوردستان جێبەجێکردووە و هەوڵێکی زۆریان داوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و گوتیشی، ''ئەوە هەرێمی کوردستانە کە هیچ داهاتێکی نەوتی و نانەوتی رادەست نەکردووە و پابەندی یاسای بودجە نەبووە.''
بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق گوتی، ''پێکهێنەری سەرەکیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە یەکێتی و پارتین پێکهێنەری حکومەتی عێراقیشن و ئەندامی کارای ئیدارەی بەڕێوەبەردنی دەوڵەتن؛ بۆیە کێشەکە تەنیا بە رێککەوتنی سیاسی چارەسەر دەبێت".
کاروان یاروەیس جەختی لەوە کردەوە، کورد سەبارەت بە گرفتی یاسای بودجە و نەهاتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە، خەریکە باجی پەرتەوازەیی و نەبوونی یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکان دەدات.
ئەو پەرلەمانتارە گوتی، دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ئەرکی هەردوو حکومەتە و نابێ تێکەڵی بابەتی سیاسی بکرێت و رایگەیاند ''تاوەکو ئەو کاتەی گفتوگۆیەکی بەرپرسیارانە لەژێر رۆشنایی دەستوور و یاسای بودجەی گشتیی عێراق لە نێوانیان دێتە ئاراوە، دەبێ حکومەتی فیدراڵی بە شێوەی سولفە، قەرز یان هەر میکانیزمێکی دیکە، مووچەی خەڵکی کوردستان دابین بکات.''
وەک کاروان یاروەیس دەڵێت، ''کێشەی یاسای بودجە لە عێراق تێکهەڵکێشی کۆمەڵێک بابەتی دیکە کراوە کە رەهەندی هەرێمی و نێوخۆییان هەیە و تاوەکو چارەسەر نەکرێن، کۆی کێشەکانی دیکە لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق چارەسەر ناکرێن".
رۆژی دووشەممە 4ـی ئەیلوول، گوتەبێژی حکومەت و ئەندامانی شاندی دانوستاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرسەکانی نەوت و بودجە لەگەڵ بەغدا، کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان سازکرد و تێیدا راگەیێندرا کە "بەغدا سیاسەتی برسیکردن بەرامبەر خەڵکی کوردستان بەکاردەهێنێت."
مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی تەممووز و ئابیان وەرنەگرتووە و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەگوێرەی یاسای بودجە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی حکومەتی عێراقە.
یاسای بودجەى گشتیی عێراق بۆ ساڵەکانی 2023-2024-2025، لە 12ـی حوزەیران لە پەرلەمان پەسندکرا، لە 26ـی هەمان مانگ لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە. پارەکەى بۆ هەر ساڵێک 198.9 تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ