چاکسازییەکان: شاسوار عەبدولواحید لە زیندان ژووری تایبەتی پێدراوە

09-09-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ براوەتە چاکسازی گەورانی سلێمانی و ئەمڕۆ دوو پەرلەمانتاری حیزبەکەی سەردانی دەکەن.
 
ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "شاسوار عەبدولواحید لە چاکسازی گەورانی سلێمانی حوکمەکەی بەسەر دەبات، دۆخی باشە و وەکو سەرۆکی حیزبێک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت نەوەکو حوکمدراوێکی ئاسایی".
 
شاسوار عەبدولواحید، 12-08-2025 کاژێر 10ـی شەو لە ماڵەکەی خۆی لە شاری سلێمانی دەستگیرکرا، رۆژی 02ـی ئەم مانگە بە پێنج مانگ بەندکردن سزادرا.
 
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان گوتی: "بەرپرسانی چاکسازیی گەورانم راسپاردووە رێزی تایبەت لە سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ بگرن و ژووری تایبەتی پێبدەن و تێکەڵی حوکمدراوانی دیکە نەکرێت، ئەوەش کراوە و ئێستا لە ژوورێکی تایبەتدایە".
 
پێش حوکمدان، هەر کەسێک دەستگیر دەکرێت لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی گرتن و گواستنەوە رادەگیرێت، کە حوکمدرا رەوانەی یەکێک لە شەش چاکسازییەکەی هەرێمی کوردستان دەکرێت بۆ تەواوکردنی حوکمەکەی.
 
ئیحسان عەبدولڕەحمان گوتی، بەگوێرەی رێکارەکان سەردانی خەڵک و کەسوکارەکەی بۆ لای سەرۆکی جووڵانەوەی نوێ ئاسایی دەبێت. گوتیشی: "ئەمڕۆ دوو کەس لە حیزبەکەی کە بریتین لە سیپان ئامێدی و کاوە عەبدولقادر سەردانی شاسوار عەبدولواحید دەکەن و بۆ سەردانەکە رەزامەندیمان داوە".
 
حیزبەکەی شاسوار عەبدولواحید کە خۆی سەرۆک و دامەزرێنەریەتی، 15 کورسیی لە پەرلەمانی کوردستان و 9 کورسی لە پەرلەمانی عێراق هەیە.
 
بەرپرسێکی نەوەی نوێ رۆژی دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دەستەیەک پێکهێندراوە بۆ بەڕێوەبردنی جووڵانەوەکە تاوەکو ئازادکردنی کاک شاسوار، دەستەکەش پێکهاتووە لە سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆن لە پەرلەمانی عێراق؛ کوردەوان جەمال، سەرۆکی فراکسیۆن لە پەرلەمانی کوردستان و هەریەکە لە رێبوار ئەوڕەحمان، کاوە عەبدولقادر، سیپان ئامێدی، ئومێد محەممەد و فارووق غەفوور".
 
بڕیارە 11ـی مانگی 11ـی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و نەوەی نوێ یەکێکە لە لیستە بەشدارەکان و سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ هەڵبژاردنەکە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.