رووداو دیجیتاڵ
عێراق و ئێران رێککەوتن دەروازە نافەرمییەکانی نێوانیان دابخەن، سەرپەرشتیاری یەكێک لە دەروازە نافەرمییەکانیش دەڵێت، ئەو بڕیارە جێبەجێ ناکرێت و دەروازەکەیان داناخرێت.
دوێنێ رێککەوتنێکی 21 خاڵی لەنێوان عێراق و ئێران دا کرا، لە خاڵێکیاندا هاتووە، "یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکان پابەندبوونی ئێران بوو بە داخستنی سەرجەم دەروازە و خاڵە سنوورییە نافەرمییەکانی لەگەڵ عێراق، بەهۆی کاریگەریی نەرێنییان لەسەر ئاسایش و ئابووریی هەردوو وڵات".
عەباس عەزیز باپیر، بەڕێوەبەری گومرگیی راپەڕین و سەرپەرشتیاری دەروازەی کێلێ، رۆژی سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێشتریش عێراق بڕیاری هاوشێوەی داوە، بەڵام جێبەجێ نەکراوە.
سەرپەرشتیاری دەروازەی کێلێ لە ئیدارەی راپەڕین گوتی: "ئێمە بەردەوامین لەکاری خۆمان و دەروازە داناخرێت، ئەو بڕیارانەش جێبەجێ ناکرێت و بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئێمەیان نەگوتووە دەروازە دابخەن".
دەروازەکانی کێلێ و سەیرانبەن لە سنووری پارێزگای سلێمانی و پشتە و تەوێڵە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە هەن، کە نێودەوڵەتی نین.
سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا بەهیچ شێوەیەک لەوە ئاگادار نەکراوینەتەوە کە دەروازەکانی سنوورەکەمان دابخرێن، ئێمەش بە نووسراوی فەرمی سەروی خۆمان کار دەکەین".
بە گوتەی بەرپرسی یەکێک لە دەروازەکانی نافەرمییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو: "بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاگاداریان کردووینەتەوە کاری خۆمان بکەین و بەهیچ شێوەیەک گوێ بەو رێککەوتنانە نەدرێت بۆ داخستن دەکرێن".
جگە لەو چوار دەروازەیە، سێ دەروازەی نێودەوڵەتی و فەرمی لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران دا هەن، دەروازەی حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر و دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخان لە پارێزگای سلێمانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ