لە بۆکان فێرگەیەکی مەلەوانی کراوەتەوە؛ 'لە دوو ساڵدا دوو هەزار کەس فێرکراون'

11-09-2025
سینا سۆما
راهێنەرانی فێرگەکە دەڵێن، لە دوو ساڵدا دوو هەزار کەسیان فێری مەلەوانی کردووە
راهێنەرانی فێرگەکە دەڵێن، لە دوو ساڵدا دوو هەزار کەسیان فێری مەلەوانی کردووە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە شاری بۆکان فێرگەیەکی مەلەوانی کراوەتەوە؛ گەنجان روو لە فێرگەکە دەکەن بۆ ئەوەی لە ژێر دەستی راهێنەران فێری مەلەوانی بن.
 
هێمن مومەییزی، راهێنەر و غەواس لە فێرگەی مەلەوانیی بۆکان دەڵێت، "ئێمە وەکو گرووپی فێرگەی مەلەوانیی بۆکان، ساڵانە زۆر کەس فێری مەلەکردن دەکەین. فێربوونی مەلە تایبەتە بە فێرگە، بەهۆی ئەوەی مەلەوانگە شوێنی سەلامەتە، مەلەوانی رزگارکەری لێیە و فێرخواز لە ژێر چاودێریی راهێنەرانی بەتوانا و لێهاتوو دا بە شێوازێکی زۆر پیشەیی دەتوانێ فێری مەلەکردن بێت."
 
گرووپی فێرگەی مەلەوانیی بۆکان دوو ساڵە بە درووشمی "ئامانجمان ئەوەیە لە هەر خێزانێکدا مەلەوانێکی لێهاتوو هەڵکەوێت" دامەزراوە. چەندین راهێنەری بە ئەزموون لەو فێرگەیەدا خەڵکی فێری مەلە دەکەن. بەرپرسانی فێرگەکە دەڵێن، لەو دوو ساڵەدا نزیکەی دوو هەزار کەسیان کردووەتە مەلەوان.
 
ئیلیا گوڵ ئەندام، لە فێرگەکەدا فێرخوازە و دەڵێت، "تەمەنم 12 ساڵە و دوو ساڵە هاتووم لە فێرگەی مەلەوانیی بۆکان فێری مەلە بم. مەلەکردن هەستێکی زۆر خۆشی هەیە و پێشنیاز دەکەم بۆ هەموو هاوتەمەنەکانم کە بێن و فێری مەلەکردن بن."
 
ئومێد گوڵ ئەندام ، باوکی فێرخوازێکی و لەبارەی فێرگەکە و کاری راهێنەران ئاماژە بەوە دەدات، "بەڕاستی دەستیان خۆش بێت و فێرگەیەکی زۆر رێکوپێکە. بۆ ئەوەی هەموو مرۆڤێک لە رووداوی دڵتەزێنی خنکان دوور بێت، پێویستە فێری مەلە بێت و من خۆم پێشنیاز دەکەم کە فێرگەی مەلەوانیی بۆکان، جێگەیەکی زۆر رێکوپێک و تایبەتە."
 
فێرگەی مەلەوانیی بۆکان، گرووپێکی تایبەتی ژێردەریایی و مەلەوانی رزگارکەریشی پێکهێناوە، بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا یارمەتیی هاووڵاتییان بدەن، یان لە کاتی خنکانی کەسێکدا بەدوای تەرمەکەیدا بگەڕێن.
 
بەهرۆز سادقیان، راهێنەر و ئەندامی تیمی غەواسیی فێرگەی مەلەوانیی بۆکان لەبارەی فێرگەکەیانەوە باس لەوە دەکات، "لە فێرگەی مەلەوانیی بۆکان، جیاواز لە فێرکاریی مەلە، ئێمە گرووپێکی سەربەخۆ و پیشەیین لە غەواسی، فریاکەوتن و رزگارکردندا، ئەگەر پێویستی کرد ئێمە لە خزمەت هاووڵاتییانداین. داوا لە هاووڵاتییانی ئازیز دەکەم ئەگەر رووداوێک هاتە پێش، ئەگەر پەیوەندی بە فریاکەوتنەوە دەکەن، پەیوەندی بەو ناوەندەش بکەن، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی پیشەیی دەستێوەردان بکەین و پێشگیری بکەین لە رووداوەکانی دوای رووداوە سەرەکییەکە."
 
لە ئێران مەلەکردن لە نێو رووبار و بەنداوەکان قەدەخەیە و بۆ رێنمایی و وشیارکردنەوەی خەڵک چەندین تابلۆ لە نزیک ئەو شوێنانە دانراون، بەڵام بەشێکی هاووڵاتییان رەچاوی ناکەن و ساڵانە رووداوەکانی خنکان دووبارە دەبنەوە.
 
هادی براخاس بۆکانی، راهێنەر و غەواس لە فێرگەی مەلەوانیی بۆکان باس لەوە دەکات، "مەلەکردن لە شوێنە سرووشتییەکان، وەکو بەنداو و رووبار زۆر مەترسیدارە. تکا دەکەین لەو شوێنانەدا مەلە نەکەن. تەنیا لە هەفتەی رابروودا ئێمە تەرمی سێ کەسمان لەو رووبارە دەرهێنا."
 
پەیمان رەزایی، بەرپرسی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی بۆکان لەبارەی ئەو کەسانەی مەلە دەکەن هۆشداری دەدات و دەڵێت، ""لە کاتێکدا دەرمانی واتان بەکار‌هێناوە کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی هۆشیاری، هەروەها ئەوانەی نەخۆشیی دڵ و سییەکانیان هەیە، ئەوانەی کحول دەخۆنەوە، تکایە خۆیان لە مەلەکردن لەو شوێنانە بەدوور بگرن."
 
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا 13 کەس لە رووبار و بەنداوەکانی پارێزگای ورمێدا خنکاون، کە سێیانیان لە هاوینی ئەم ساڵدا لە بەنداوی مهاباد بووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە